Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ حەلبووسی و سبەینێش فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆككۆمار كۆدەبنەوە

بەغدا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆكی كوتلەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لەسەر كۆی پرسەكان و سبەینێش سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆككۆمار لەبارەی كاندیدی سەرۆكوەزیرانەوە كۆدەبنەوە.

دكتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سەعات ٧ سەرۆك فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەسەر كۆی پرسەكان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی كۆببنەوە، هاوكات سبەینێش دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە.

سەبارەت بە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوە دا، كە هێشتا كارنامەی دانیشتنەكە بڵاو نەكراوەتەوە، گومانیشی نەبوو، بەشێكی دانیشتنەكە پەیوەستە بەو رووداوەی رۆژی هەینی لە بەغدا و دژ بە خۆپیشاندەران رووی دا.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشكراشی كرد، كە بڕیارە سبەینێش سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆككۆمار لەسەر پرسی دانانی سەرۆكوەزیران كۆببنەوە.

ناوبراو ئەوەیشی روون كردەوە، كە بۆ دانانی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ، سەرجەم كوتلەكان لە گفتوگۆدان و بەردەوامن.

 

خێڵان بەختیار