Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووسڵ.. ٧٩ بنكەی دابەشكردنی كارتی بایۆمەتری داخران

مووسڵ-KDP.info- پڕۆسەی دابەشكردنی كارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەردەوامە و، بەرپرسێكی ھەڵبژاردنەكانی پارتیش ئاشكرای كرد، بە ھۆی راگرتنی كارەكانی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە، نیوەی بنكەكانی كۆمسیۆن داخراون.

مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای كۆتاییھاتنی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ملیۆنێك و ٤٠٠ ھەزار كەس بەشدارییان لە بایۆمەتریی دەنگداندا كردبوو، ماوەیەكیشە پڕۆسەی دابەشكردنی كارتی بایۆمەتریی دەنگدان دەستی پێكردووە، بەڵام بە ھۆی رەوشی ئێستای عێراق و خانەنشینكردنی ئەندامانی كۆمسیۆنەوە، پڕۆسەكە سستیی تێكەوتووە".

بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت: "لە سنووری مووسڵ ١٤١ بنكەی دابەشكردنی كارتی دەنگدان ھەبوون، بەڵام لەوەتەی كاری فەرمانبەرانی گرێبەست راگیراوە، تەنیا ٦٢ بنكەی كۆمسیۆن ماون بۆ دابەشكردنی كارتەكان، ئەوەش ژمارەیەكی كەمە بەراورد بە ژمارەی دەنگدەران و فراوانیی سنووری پارێزگاكە".

حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەداخەوە راگرتنی كارەكانی كۆمسیۆن و فەرمانبەرانی گرێبەست، كاریگەریی زۆری كردووەتە سەر پڕۆسەی دابەشكردنی كارتی بایۆمەتری و ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیە بێت، كۆمسیۆن ناتوانێت لە كاتی خۆیدا ئەو ھەموو كارتە دابەش بكات، ئەوەش دەبێتە ھۆكاری بێبەشبوونی ھاووڵاتیان لە وەرگرتنەوەی كارتەكانیان".

 

قائید میرۆ