Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا: شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە

هەولێر -KDP.info- دوای ڕێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و نەوت، بڕیارە پاش گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حكوومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، شاندێكی حكوومەتی ھەرێم سەردانی كوتلە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێمیش لە بەغدا جەخت دەكاتەوە، كە ھەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە ڕێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "ڕێككەوتن لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە و نەوتەوە كراوە و بڕیار بوو ھەفتەی ڕابردوو پڕۆژەبودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرایە، بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە چاوەڕێین تاوەكو ئەو پڕۆژەیاسایە بگاتە پەرلەمان و ھەوڵەكانیشمان بۆ ئەوەیە لە پەرلەمانی عێراق وەك خۆی پەسەند بكرێت."

عیسا گوتیشی: "بە گەیشتنی پڕۆژەیاساكەش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەن كۆ دەبێتەوە، شاندەكەش بە ھاوكاریی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە ئەو شاندە سیاسییە لە ھەموو كوتلە كوردییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق پێک دێت."

جەختیش دەكاتەوە، ڕێككەوتنەكەی نێوان ھەرێم و بەغدا پەیوەست بە بودجە و نەوت، وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.


ھەڵكەوت محەمەد