Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەوانەی رووبەری خانووی زێدەڕۆیان كەمە، بە سوودمەند ھەژمار ناكرێن"

هەولێر-KDP.info- هەفتەی رابردوو و دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ى لەلایەن سەرۆكی ھەرێمی كوردستانەوە، پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكە یاسای تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆی پەسەند كرد، ئەندامێكی لیژنەی شارەوانییەكانیش دەڵێ، لە كاتی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆدا، ئەگەر رووبەرەكەی زۆر زیاد نەبێت، خاوەنەكەی بە سوودمەند ھەژمار ناكرێت.

نزار مەلا غەفار، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ناوەڕۆكی یاسای تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ، ھەر خانوویەك لەنێو سەنتەری شارەكان ئەگەر رووبەڕەكەی لە ٢٠٠ مەتر زیاتر نەبێت، بە سوودمەند ھەژمار ناكرێت، لەنێو سەنتەری قەزاكانیش خانووی زێدەڕۆ ئەگەر لە ٣٠٠ مەتر زیاتر نەبێت، بە سوودمەند ھەژمار ناكرێت، بەڵام لەنێو سەنتەری ناحیەكان خانوو رووبەرەكەی لە ٥٠٠ مەتر زیاتر نەبوو، ئەویش خاوەنەكەی بە سوودمەند ھەژمار ناكرێت".

پەیوەست بە زەویی زێدەڕۆ، ئەندامەكەی لیژنەی شارەوانییەكان دەڵێت: "یاساكە ئەو زەویانە ناگرێتەوە كە زێدەڕۆن، چونكە زەویی زێدەڕۆ زۆرە و ئەگەر تاپۆ بكرێن ئەوە كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێو خەڵكیدا دروست دەكات، بۆ نموونە زەویی زێدەڕۆ ھەیە لەوانەیە چەندین ھاووڵاتی تەماحی تێدا بێـت و كێشەیان لەسەر بێت، لەبەر ئەوەش یاساكە ئەو زەویانە ناگرێتەوە كە زێدەڕۆن، كە لە لایەكی دیكەوە دەبێتە ھۆی زیادبوونی زێدەڕۆ لەسەر زەوییەكان".

مەلا غەفار ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "یاساكە دوای پەسەندكردنی دەچێتە لای سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ واژۆكردن و دواتر گشاندنی بۆ دەكرێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تا رێنمایی پێویستی بۆ دەربكرێت، كە پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەو خانووانەی بە شێوەی زێدەڕۆ دروست كراون، لە نێوان ٢٥٠ ھەزار تا ٣٠٠ ھەزار بێت، واتە بەپێی یاساكە نزیكەی ٣٠٠ ھەزار خێزان سوودمەند دەبن و لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندایە".

 

قائید میرۆ