Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی خەلیل بۆ KDP: داعش لەناو مووسڵ سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەیە

مووسڵ-KDP.info- دوای ئەوەی لە سنووری خانەقین و كەركووك داعش دەستی بە جموجۆڵ و كردەوەی تیرۆریستی كرد، ئێستا بە شێوەیەكی بەرچاو سەری هەڵداوەتەوە و جووڵەیان زیادی كردووە، بەرپرسی لقی 14ی پارتیش دەڵێ، لە مووسڵیش بە هەمان شێوە داعش سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەیە. دەشڵێ: "خەڵك داوا دەكەن پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە".

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی 14ی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە مووسڵ داعش جووڵەیان زیادی كردووە و شانە نوستووەكانیشیان خەریكی خۆڕێكخستنەوەن و بە شێوەیەكی نهێنی كاری خۆیان دەكەن، چەند جارێكیش هەڵمەتی پشكنین ئەنجام دراوە و چەندین گومانلێكراو گیراون، كە گومان دەكرێت داعش بن، هەروەها پێش چەند رۆژێك لە ناوچەی سەلامییەش تەقە لە ئەفسەرێك كراوە، بۆیە داعش سەری هەڵداوەتەوە خۆیان رێكدەخەنەوە بۆ ئەوەی كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن".

بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ گوتیشی: "هۆكاری تێكچوونی دۆخەكە و سەرهەڵدانەوەی داعش، بۆ نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و بوونی هێزێكی زۆری میلیشیا دەگەڕێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، ئەو هێزانە لە ناوشار دەربكرێن و ئەمنیەت رادەستی پۆلیس بكرێت".

خەلیل باسی لەوەش كرد، لە دەشتی نەینەواش دۆخی ئەمنی خراپە و خەڵكی ئەو ناوچانە بە هەموو پێكهاتەكانەوە، داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە بۆ ئەوەی بیانپارێزێت.

 

بڵند ئیبراهیم