Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری گواستنەوە: ژمارەی تەكسی كەم دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ جێبەجێكردنی سیستەمی نوێی كاركردنی تەكسی، ژمارەی تەكسییەكان كەم دەكرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەش دەڵێ، ژمارەی تەكسی لە ھەرێمی كوردستان ھەموو ستانداردێكی جیھانیی تێپەڕاندووە و پێویستە كەم بكرێنەوە.

سەڵاح جەوھەر، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سیستەمی نوێی كاركردنی تەكسی لای وەزارەتی گواستنەوە كۆتایی ھاتووە و تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ ماوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە پڕۆژەكە پەیوەستە بەو بایۆمەترییەی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامی داوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مەرجی شۆفێری تەكسییان تێدایە، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا بە سیستەمی نوێ، كاری تەكسییەكان دەست پێدەكات".

بە گوێرەی ئاماری ھاتوچۆ، لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٩٠ ھەزار ئۆتۆمبێلی تەكسی تۆمار كراوە و ژمارەی تەكسی بەروارد بە ژمارەی دانیشتووان، ستانداردی جیھانیی تێپەڕاندووە.

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە دەشڵێت: "بەپێی ستانداردی جیھانی، ھەر ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ كەس ئۆتۆمبێلێكی تەكسیی پێویستە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری بەردەست ھەر ٥٠ كەس تەكسییەكی بەردەكەوێت، ئەوەش ژمارەیەكی زۆرە و پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە".

سەڵاح جەوھەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پلانی حكوومەت لە رێكخستنەوەی تەكسییەكان، كەمكردنەوەشیانە، لەبەر ئەوەش ژمارەی تەكسییەكان كەم دەكرێتەوە و ئەوانەشی مەرجیان تێدایە بە سیستەمی پێشكەوتوو دەكەونە كار، بۆ نموونە ھەر ئۆتۆمبێلێكی تەكسی لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەكە ئەدرێسی شوفێرەكەی لەسەر دەبێت وەك ناوی شۆفێر و ژمارەی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تەلەفۆن و ژمارەكانی فریاكەوتن، ئەوەش بۆ سەلامەتیی گیانی سەرنشین و ناسینەوەی تەكسی لە كاتی ھەر رووداوێكدا".

 

قائید میرۆ