Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كرێی خوێندن لە قوتابخانە ئەھلییەكان كەم دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- كرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگا ئەھلییەكان كەم دەكرێتەوە، ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەش ئاشكرای كرد، لە ھەندێ قوتابخانەی ئەھلی كرێی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی زۆر زیاترە لە كرێی خوێندنی زانكۆیەكی ئەھلی و ئەو جیاكارییە ناھێڵین.

گولستان نھێلی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەوڵەكانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بەردەوامن بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە قوتابخانە ئەھلییەكان و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، چونكە پێشتر بە ھۆی ھەوڵەكانمان كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ئەھلی و حكوومەت ئەوانەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵان، كەم كراوەتەوە".

ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی: "لیژنەی پەروەردە، سەردانی وەزیری پەروەردەشی كردووە بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتەكەی بەڕێزیان و، بەڵێنی ھاوكاریشی پێ داوین، كە بڕیارە ھاوشێوەی زانكۆ و پەیمانگاكان كرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگاكانی دیكەش داشكاندنی بۆ بكرێت".

پەیوەست بە رێژەی كەمكردنەوەی كرێی خوێندن، گولستان نھێلی جەختی كردەوە: "جارێ ئێمە گەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی كرێ كەم بكرێتەوە، وەلێ رێژەكە تا ئێستا دیاری نەكراوە، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەران، قوتابخانە ھەیە لە ھەرێمی كوردستان كرێی خوێندن تێیدا لە قۆناغی بنەڕەتی، لە زانكۆیەكی ئەھلی زۆر زیاترە، لەبەر ئەوەش نابێت بە ھیچ شێوەیەك كرێی خوێندن لە قۆناغێكی خوارەوە زیاتر بێت لە سەرەوە، بۆیە كرێی خوێندن بە شێوەیەك كەم دەكرێتەوە، كە لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا بێت".

 

قائید میرۆ