Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانى په‌رۆشیى هه‌رێمى كوردستانى بۆ دۆخى عێراق و ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى و ئه‌منیى وڵات دووپات كرده‌وه‌ و هه‌موو ئاماده‌ییه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئارامى و سه‌قامگیریدا، نیشان دا.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3/12/2019 له‌ هه‌ولێر، به‌رێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماتیو تیوله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپیشاندانه‌كان له‌ به‌غدا و پارێزگاكانى دیكه‌ى ناوه‌ڕاست و باشوورى وڵات خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختیان له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى كرده‌وه‌، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و پێكه‌وه‌كاركردنى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانیشیان بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و ڕووداوه‌كاندا، به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى هه‌مووان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بابه‌تى بودجه‌ و نه‌وت، دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.