Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد ھاودیانی: یەکگرتوو ھاوکار دەبێت بۆ یەکڕیزیی کورد

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ (٣-١٢-٢٠١٩)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆ بووەوە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتووش سەردان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەگرینگ وەسف دەکات.

محەمەد ھاودیانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، کە بۆ چەند مەبەستێک سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کرد، لەوانەش ئەو کۆبوونەوانەی پێشتر لە سەرۆکایەتیی ھەرێم بەڕێوە چوون و یەکگرتوو تێیاندا بەشدار بوو، ھەروەھا لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ھەرێم و ئەمینداری یەکگرتوودا باس لە پێکھێنانی فراکسیۆنی کوردستانی لە بەغدا کرا، کە پێویستە کورد لە بەغدا یەکگرتوو بێت."

بەرپرسەکەی یەکگرتوو دەڵێت: "ڕەوشی ناوچەکە وا دەخوازێت ئێمە خۆمان نێوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە و یەکھەڵوێست بین، بێگومان یەکگرتووی ئیسلامیش لەگەڵ ھەموو لایەنە کوردستانییەکان بۆ ھەر ھەنگاوێک لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت و بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بێت، لەوانەش پێکھێنانی فراکسیۆنی کوردستانی لە بەغدا."

محەمەد ھاودیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرۆکی ھەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە پرسەکاندا ڕۆڵی ھەموو ئەو ھێزانەی ئۆپۆزیسیۆنن لەبەرچاو دەگیرێت، چونکە زۆر پێویستە لەو قۆناغەدا چ لەسەر ئاستی ناوخۆ بێت، یان بەرانبەر بە گۆڕانکارییەکانی بەغدا، ھەماھەنگی لە نێوان ھەموو ھێزەکاندا ھەبێت. ئێمە، وەک یەکگرتوو، دەمێکە ئەوەمان دووپات کردووەتەوە لەگەڵ ھەموو یەکھەڵوێستییەکین و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش کاریگەریی خۆی دەبێت."

قائید میرۆ