Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دھۆك.. ١٠%ی پڕۆژەی پێوەری زیرەك جێبەجێ كراوە

دهۆك-KDP.info- بڕیارە لە ماوەی ھەژدە مانگدا پڕۆژەی پێوەری زیرەك لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، لە سنووری پارێزگای دھۆكیش پڕۆسەی دانانی پێوەری زیرەك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كارەبا بەردەوامە.

عەبدولكەریم چەمانكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆك پڕۆسەی بەستنی پێوەری زیرەك دەستی پێكردووە و نزیكەی ١٠%ی كارەبای دھۆك بە سیستەمی زیرەك بەستراوەتەوە، بەڵام ھێشتا پڕۆژەكە لە قۆناغی سەرەتاییدایە و بڕیارە ھەموو پارێزگای دھۆك بگرێتەوە، ئەویش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كارەبای نیشتیمانییە".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك دەشڵێت: "ئێمە وەك ئەنجوومەن چاودێریی كارەكانی حكوومەت دەكەین لە دھۆك و جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەكیش، كاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر رەوشی كارەبا، بە تایبەتی ئەوانەی كارەبایان بە زێدەڕۆ راكێشاوە، رێگرییان لێ دەكرێت".

پەیوەست بە سەرپێچییەكانیش، چەمانكی روونی كردەوە: "بێگومان لە دھۆكیش ھاوشێوەی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان خەڵكێك زێدەڕۆیی كردووەتە سەر كارەبای نیشتیمانی، بەڵام ھیچ ئامارێكی دروستمان نییە چەند كەس سەرپێچییان كردووە و لەلایەن تیمەكانی كارەباشەوە رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتە بەر".

 

قائید میرۆ