Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP وادەی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینیی رۆژنامەنووسان ئاشكرا دەكات

هەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، ساڵی نوێ یاسای خانەنشینی دەنێرنە پەرلەمان بە مەبەستی هەمواكردنەوەی، بەو پێیەی یاساكە لەگەڵ ئێستادا ناگونجێ. هاوكات جەختیش دەكاتەوە، ئەگەر یاساكە هەموار نەكرێتەوە، ئەوا رێگەی دیكەیان لە بەرژەوەندیی رۆژنامەنووسان لە بەردەمدایە.

حاكم ئازاد، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، كە یاسای خانەنیشینییان ساڵانێكە هەیە و ئەو یاسایەش كاتێك نووسراوە، كە پارەی عێراق كۆنەكە بووە، نەك ئەمەی ئێستا، بۆیەشە پێویستی بە دەستكاریی پارەكە و سندووقەكەیشی هەیە.

ناوبراو تیشكی خستە سەر چۆنیەتیی بەرنامەی سەندیكاكەیان و گفتوگۆیان لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان، بەو پێیەی داوا دەكەن، یاساكە هەموار بكرێتەوە و لەگەڵ بارودۆخی ئێستای هەرێم بگونجێت، یانیش رۆژانامەنووسان وەك فەرمانبەرانی حكوومەت خانەنشین بكرێن، كە مەلەفیان لە خانەنشینانی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم  بێ و سندووقیان لە سەندیكا، وەك ئەوەی لە عێراقدا سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق و حكوومەتی عێراق، بەو شێوە رۆژنامەنووسانیان خانەنشین كردووە.

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا، كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بە هۆی بوونی قەیرانی داراییەوە، نەیانتوانیوە یاساكە بە مەبەستی هەمواركردنەوەی بنێرنەوە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا و دوای نەمانی قەیران، لەگەڵ ئەم خولەی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی، لەوبارەوە گفتوگۆیان كردووە و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان گفتوگۆ دەكەنەوە و یاساكەش بۆ پەرلەمان دەنێرنەوە.

هەوڵەكانیشیان ئەوە دەبێ، كە كەمترین مووچەی خانەنشینیی رۆژنامەنووسانیش لە چوارسەد هەزار دینار كەمتر نەبێ، یاساكەش ئەو رۆژنامەنووسانە دەگرێتەوە، كە فەرمانبەری حكوومی نین و ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستانن.

 

خێڵان بەختیار