Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرمانج عەبدوڵڵا: داعشی بیانی گەڕاونەتەوە مەخموور و چەندین کەتیبەیان پێک ھێناوە

مەخموور-KDP.info- لە سنووری قەزای مەخموور داعش بەھێز بووە و بەرپرسێکی ناوچەکە ھۆشداری دەدات لەبارەی جووڵەی داعش و ئاشکرای کرد، پێشتر ھەر داعشی ناوچەکە بوون، بەڵام چەند ڕۆژێکە لە مەخموور داعشی بیانیش پەیدا بوونە.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی قەرەچۆخی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "قەبارەی داعش لە ھەموو ناوچەکان زیادی کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا لە سنووری قەزای مەخموور جووڵەیان پەیدا کردووەتەوە، بەڵام ئەم جارە تاکتیکی خۆیان گۆڕیوە و لەسەر شێوەی کەتائیب دەرکەوتوونەتەوە و ژمارەیەک کەتیبەیان پێک ھێناوە بۆ بەڕێوەبردنی کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا."

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "پێشتر ھەر داعشی ناوخۆیی لە مەخموور بەرچاو بوون، بەڵام داعشی بیانیش ھاتوونەتە ناوچەکە و بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، چەکدارانی داعشی ناوچەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت بیانیش لەنێو سنووری مەخموور پەیدا بوونە."

کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زیادبوونی قەبارەی داعش مەترسی ھەیە بۆ ئەوەی ھەرکات دەرفەتیان بۆ ڕێکەوت دەستی خۆیان بوەشێنن، بەداخەوە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراقیش کاریگەری لەسەر بەھێزبوونەوە و خۆڕێکخستنەوەی داعش ھەبووە، لەبەر ئەوە پێویستە چاودێریی وردی جووڵەی داعش بکرێت و بۆ ھەر ئەگەرێک ئامادەکاری ھەبێت، چونکە بەھێزیی داعش مەترسییە بۆسەر ھەموو لایەک."