Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"هەموو لایەنەكان كۆدەنگن کە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، هەموو لایەنەكان كۆدەنگن کە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، چونكە دەستوور چەترێكە بۆ هەمووان و زۆربەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان چارە دەكات.

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەردانی هەموو لایەنەكانی كردووە بۆ ئەوەی ڕا و بۆچوونی ئەوان وەربگرێت و لێكتێگەیشتنێك لە نێوان پەرلەمان و لایەنەكان دروست بێت بۆ نووسینەوەی دەستوور، دەبێ لیژنەیەك دروست بكرێت، كە لە خولی پێشووش هەبوو، بەڵام لەو خولەدا هیچ بڕیارێك نەدراوە كە هەر لیژنەی پێشوو دەبێت، یان لیژنەیەكی نوێ دروست دەكرێت، هەموو لایەنەكان كۆدەنگن كە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، وەكو فراكسیۆنی پارتی تەئكید لەسەر ئەو بابەتە دەكەینەوە و پشتگیریشی لێ دەكەین، هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ نووسینەوەی دەستوور، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، هەتا سەرۆك بارزانی داوای كردووە كە پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی."

خەدیجە عومەر، ئەوەیشی گوت: "زۆر گرنگە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، چونكە دەستوور چەترێكە بۆ هەمووان، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، دەستوور ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوونی هەموو لایەنەكان دەبێت، باسی ماف و ئازادیی هەموو كەسێك دەكات، باسی سیستەمی سیاسی دەكات، ئەگەر ئێستا كێشەمان لەسەر یاسایەك هەبێت چەندین بیروبۆچوونی جیاواز دەبێت، بەڵام ئەگەر دەستوورمان هەبێت، ئەگەر ناكۆكییش هەبێت، دەگەڕێینەوە بۆ دەستوور و ئەو حوكم دەكات و دەستوور دەبێتە ناسنامە بۆ كوردستان و زۆربەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان چارە دەكات".

ڕابین شێروانی