Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP وردەكاریی نەھێشتنی كارەبای زێدەڕۆ بڵاو دەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- كۆتایی هەفتەی رابردوو، ئیدارەی پارێزگای ھەولێر بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو كەسانەوە دا، كە كێشەی پێوەری كارەبایان ھەیە، یانیش كارەبایان بە زێدەڕۆیی راكێشاوە. بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، ئەوەی تا یەك مانگی دیكە خۆی داوای گرێدانی پێوەر یان چارەكردنی كێشەكەی بكات، سزا نادرێت.

حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی ٥٦٠ ھەزار بەشداربووی كارەبا ھەن بە ھەموو بەشەكانییەوە، كە پێك ھاتوون لە بەشداری ماڵان و بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشەسازی و میری، ئەوانەشی پێوەری كارەبایان نییە، لای ئێمە وەك حكوومەت ناسراو نین و ھیچ داتایەكی دروستمان لەبارەی ئەوانەوە نییە".

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای پارێزگای ھەولێر دەشڵێت: "ھەر كەسێك لە رابردوودا سەرپێچیی كردبێتە سەر تۆڕەكانی كارەبای نیشتیمانی و زانیاری بە ئێمە درابێت، لەلایەن تیمەكانی دابەشكردنی كارەباوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا كراوە و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری گیراوەتە بەر، بۆ نموونە تەنیا ئەمساڵ ٢٠١٩، تیمەكانی كارەبا توانیویانە ١٩٠٠ سەرپێچیی سەر تۆڕەكانی كارەبا ببڕن و سزای پێبژاردنیشیان بەرامبەر گیراوەتە بەر".

لەبارەی بڕیاری هەفتەی رابردووی پارێزگای ھەولێر بۆ لێپرسینەوە و سزادانانی سەرپێچیكاران، حوسێن حەمەد گوتی: "بڕیارەكە دوو بەشە و ھەردووكی پەیوەستە بە سەرپێچیكارانی كارەبا، یەكێكیان ئەوانەن كە لە رابردوودا پێكھاتەكانیان وەك خانوو پڕۆژەی كشتوكاڵ و چەندین جۆری دیكە بە ھۆی ئەوەی بە زێدەڕۆ دروست كراون پابەند نەبوونە بە دانانی پێوەری كارەبا، بۆ ئەو كەسانە مۆڵەت دراوە تەنیا لە ماوەی یەك مانگدا سەردانی بەشەكانی فرۆشیاری وزە بكەن بۆ دانانی پێوەری كارەبا".

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای پارێزگای ھەولێر زیاتر روونی كردەوە: "ئەوانەی بە زێدەڕۆ پڕۆژە و خانوویان دروست كردووە، دوای سەردانیكردنیان بۆ فەرمانگەكانی كارەبا و بەشی فرۆشیاری وزە، بەڵێننامەیان لێ وەردەگیرێت لەگەڵ ھێنانی كەفیلێك و دواتر بە فەرمی پیوەری كارەبایان بۆ دادەنرێت و سەرپێچییەكەیان نامێنێ".

پەیوەست بەو بەشدارانەی پێوەری كارەبایان ھەیە و كێشەی دیكەیان ھەیە وەك نەبوونی مۆر لەسەر پێوەر و دەستكاریی پێوەر، حوسێن حەمەد روونی كردەوە: "ھەموو ئەوانەی كارەبایان بە زێدەڕۆ راكێشاوە یانیش لە ژێر پێوەرەوە كارەبایان راكێشاوە و دەستكاریی پێوەریان كردووە، ئەوانەش ھەموویان بۆیان چارەسەر دەكرێت و سەرپێچیەكە ناھێڵین، واتە ئەوانەی پێشتر بە ھۆی سەرپێچیی كارەباوە سزا دەدران، ئەگەر لەو ماوەیەی دیاری كراوە واتە لە ١ی ئەم مانگەوە تا سەری ساڵی نوێ خۆی داوای گرێدانی پێوەر بكات و پابەند بێت، ھیچ سزایەك ناچێتە سەر ھاووڵاتی، بە پێچەوانەوە دوای تێپەڕینی مانگێك بەسەر بڕیاری حكوومەتدا، ھەر كەسێك كارەبای زێدەڕۆی ھەبێت یان كێشەی پێوەری ھەبێت، كارەبای لێ دەبڕدرێت و سزای ماددیشی بەدواوەیە".

 

قائید میرۆ