Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانی مەکتەبی سیاسیی زەحمەتکێشانی کرد

هەولێر-KDP.info-  فازڵ میرانى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەریى شاندێک بە مەبەستى پیرۆزبایى، سەردانى مەکتەبى سیاسیى حزبى زەحمەتکێشانى کوردستانی کرد.

ئێوارەى ئەمڕۆ، یەکشەممە (١-١٢-٢٠١٩)، فازڵ میرانى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەریى شاندێک کە پێک هاتبوو لە مەحموود محەمەد، ئەندامى مەکتەبى سیاسى و عەلى حوسێن، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى کوردستان و عێراقى پارتى دیموکراتى کوردستان و عارف ڕوشدى، ڕاوێژکارى مەکتەبى سیاسى، بۆ پیرۆزبایى لە بەستنى دەیەمین کۆنگرە و هەڵبژاردنى سکرتێر و سەرکردایەتیى حزب، سەردانى مەکتەبى سیاسیى حزبى زەحمەتکێشانى کوردستانى لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێرى هەڵبژێردراوى حزبى زەحمەتکێشان و سەعد خالید، جێگرى سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و ئەنجومەنى گشتیی حزبى زەحمەتکێشانى کوردستانەوە پێشوازى کران. لە دیدارەکەدا فازڵ میرانى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پیرۆزباییى جەنابى سەرۆک بارزانى و مەکتەبى سیاسى و ئەنجومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئاراستەى بەڵێن عەبدوڵڵا کرد بە بۆنەى هەڵبژاردنی سکرتێر و جێگرى سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى و بەستنى دەیەمین کۆنگرەکەیان. هاوکات ئومێدى خواست کۆنگرەکەیان ببێتە فاکتەرێک بۆ بەهێزبوونى پەیوەندییەکانى نێوانیان و فراوانبوونى بوارى هەماهەنگى و کارکردنى هاوبەش لەپێناو سەرکەوتنى پرۆسەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان. هەروەها سکرتێرى مەکتەبى سیاسى تەئکیدى کردەوە لە ئێستا و لە ڕابردووشدا حزبی زەحمەتکێشان بەشداریى کاریگەریان لە خەباتى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان و بەدیهێنانى هەموو ئەو دەستکەوتانەدا هەبووە کە لە ئاکامى یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکانەوە بەدەست هاتوون و جێگەى بایەخن.هەر لەو دیدارەدا، بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێرى حزبى زەحمەتکێشان سوپاس و ستایشى سەرۆک بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستانى کرد بۆ پاڵپشتى لە سەرکەوتنى کۆنگرەکەیان و هەنگاوەکانى حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان.  پاشان بارودۆخى سیاسیى ناوچەکە و پرسە سیاسییەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و دواین پێشهات و گۆڕانکاری و هەنگاوەکانى پەیوەندیى حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق و ڕەوشى ناجێگیرى عێراق باسیان لێوە کرا. هاوکات باس لەو هەنگاو و دەستپێشخەریانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد کە بۆ بۆ یەکخستن و یەکگوتاریى پارت و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەهەمبەر ئەو ڕەوشە نالەبارەى ئەمڕۆ لە گۆڕەپانى سیاسیی عێراقدا بەگشتى هاتووەتە ئاراوە. هاوکات خەباتى سیاسى و نەتەوەیى و نیشتمانى و خزمەتکردن بە پرسە دیموکراتییەکان و بەردەوامیى هەماهەنگییەکانى نێوان هەردوولا و پارت و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەپێناو سەرخستنى ئامانجەکانى گەلى کوردستاندا تیشکى خرایە سەر. هەروەها لەو دیدارەدا، تەئکید لە هۆشیاریی زیاترى جەماوەر لەپێناو ئەرک و بەرپرسیارەتیى نیشتمانى و نەتەوەییی هەموو لایەک بۆ داکۆکیکردن و سەرکەوتنى ئەم قۆناغە کرایەوە.