Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"داعش دەیەوێ گورز لە پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق بوەشێنێت"

کەرکووک -KDP.info-  دوای زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان، ئەمڕۆ فەرماندەیەکی باڵای عێراق لە بەغداوە گەیشتووەتە کەرکووک و بەرپرسێکی پێشمەرگەش ئاشکرای کرد، وەزارەتی پێشمەرگە زانیاریی دەربارەی جووڵەی داعش ھەیە و پێشمەرگە بۆ ھەر ئەگەرێک ئامادەیە.

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوا و باشووری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی دەستی خۆی بوەشێنێت، ھەروەک چۆن لە دەڤەری کوڵەجۆ دەستی خۆیان وەشاند و ژمارەیەک شەھید و بریندارمان ھەبوون، ئەوانە ھەمیشە ئامادەن بۆ کردەوەی تیرۆریستی و یەک دەرفەت بۆ داعش ‌ڕێکەوێت پەلاماری شوێنەکانی دیکەش دەدات، ئەمڕۆ عەبدولمەئەمیر زەیدی، گەورەفەرماندەی سوپای عێراق، لەبارەی تێکچوونی ڕەوشی کەرکووک و مەترسییەکانی داعشەوە گەیشتووەتە کەرکووک، چونکە مەترسیی زیاتر پەیدا بووە."

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەشڵێت: "داعش دەیەوێ کێشەیەکی گەورە بۆ کەرکووک بنێتەوە و وەک مووسڵ وێرانی بکات و داگیری بکات."

لەبارەی ئامادەکارییەکانی ھێزی پێشمەرگەوە، عەلی گوتی: "ھێزەکانی پێشمەرگە ھەر لە ئامادەباشیدان، ھەر فەرمانێکی لەسەرەوە بۆمان بێت جێبەجێی دەکەین، ئێمە چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین و وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری ھەیە و حکوومەتی ھەرێم لەگەڵیان لەسەر خەتە بۆ ئەوەی بەھۆی ڕەوشی ئێستای عێراق و جووڵەی داعشەوە بۆشاییی ئەمنی دروست نەبێت، ئەگەر عێراق خۆی پێ ناپارێزێت، ھەرکاتێک داوامان لێ بکرێت بۆ بەرگری لە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە ھەر ناوچەیەک و بێ جیاوازی بەرگری دەکەین و بەگژ داعشدا دەچینەوە."

نووری حەمە عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشمەرگە ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ھەرشتێک و لە لایەن ئۆپەڕاسیۆنی وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگادار کراوینەتەوە، کە داعش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی گورز لە ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە بوەشێنێت."

قائید میرۆ