Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەولێر راگەیەندرا

هەولێر-KDP.info-  لە ھەولێر ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رادەگەیەندرێ و، پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، ھەوڵدەدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ریزی پێشەوە بن و پاڵپشتی دەستەی دەستپاکیش بۆ ئەو مەبەستە دەکەن.

لە رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، فرسەت سۆفی، لە پرێسكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەولێری پایتەخت دیاریكراوە بۆ ئەوەی ماوەی زیاتر لە ھەفتەیەك، چەندین چالاكی پەیوەست بە رۆژی جیھانی گەندەڵی بەڕێوەبچێت و، ئەوانیش لە پارێزگای ھەولێر وێڕای پاڵپشتی بۆ دەستەی دەستپاكی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جەختیشی لەوە کردەوە، کە لەسەر ئاستی پارێزگا، ھەموو تواناكانیان دەخەنەگەڕ بە ھەموو دامودەزگاكانەوە پێكەوە، چاكسازی بکەن و رووبەڕووبووی گەندەڵی ببنەوە، هاوکات پارێزگارییش لە سەرەوەت و سامان و موڵك و ماڵی گشتی بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، کە گەندەڵی یەكێكە لەو كێشە گەورانەی رووبەڕووی دامودەزگاكانیان بووەتەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەشی، دەبێ بەو پەڕی جورئەت و لەخۆ بوردنەوە ئەو شەڕە بكەن و، ھەر رۆژێكیش دواتری بخەن. ئەوا سەختر دەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە، کە وەك چۆن لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە چەند خاڵێكدا زۆر بە روون و راشكاوی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راگەیەندراوە.

پارێزگاری هەولێر ئەوەیشی گوت، کە وەك پارێزگای ھەولێر ھەوڵدەدەن لە ریزی پێشەوەبن بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی، کە لە بەرنامەی حكوومەتدا ھاتوون، چ لە شەفافیەت و ملكەچ بوون بۆ یاسا، چ لە پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی و دادوەری.

 

خێڵان بەختیار