Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی شارەوانی: زەوییەكانی پێشمەرگە تاپۆ دەكرێن

هەولێر-KDP.info- ماوەی چەند ساڵێكە لە سنووری شارەوانیی بەحركە كەرتێك بە ناوی پێشمەرگەوە بەسەر پێشمەرگە قارەمانەكاندا دابەش كراوە، سەرۆكی شارەوانیش ئاشكرای كرد، زەوییەكانی كەرتی پێشمەرگە تاپۆ دەكرێن و خزمەتگوزاریشیان بۆ دابین دەكرێت.

زەردەشت سەرسام، سەرۆكی شارەوانیی بەحركە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێش چەند ساڵێك لە سنووری شارەوانیی بەحركە چوار ھەزار پارچەزەوی دابەش كراون و نزیكەی دوو ھەزار لەو زەوییانە بە پێشمەرگە قارەمان دراون، بەڵام تا ئێستا نە تاپۆ كراون و نە خزمەتگوزارییان بۆ دابین كراوە، بەڵام ئێمە وەك لایەنی پەیوەندیدار، لیژنەیەكمان لە نوێنەری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر و شارەوانییەكان و شارەوانیی بەحركە، بۆ تاپۆكردنی ئەو زەوییانە پێك ھێناوە".

سەرۆكی شارەوانیی بەحركە گوتیشی: "لە ئێستادا سەرقاڵی تاپۆكردنی زەویی پێشمەرگەین لە شارەدێی بەحركە، بەڵام زەوییەكان لەسەر شارەوانیی ھەولێرن و دوای گواستنەوەیان بۆ سەر شارەوانیی بەحركە، دەست بە قۆناغی تاپۆكردنیان دەكرێت".

زەردەشت ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "جگە لە تاپۆكردن، لە ھەوڵداین بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری، تا پێشمەرگە سوودمەند بن و بۆ ئەو مەبەستەش داوای دابینكردنی ٦٠٠ ملیار دینارمان كردووە لە حكوومەت و ھەر كاتێك پارەكە دابین بكرێت، دەستبەجێ دەست بە دابینكردنی خزمەتگوزاری دەكرێت لە زەوییەكانی پێشمەرگەدا".

 

قائید میرۆ