Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەبارەت ھەڵمەتی توندوتیژیی دژ بە ژنان

سالار عوسمان

کێشە سەرەکییەکە چییە ؟!..

لەمێژە، لەوەتەی پرسی ماف ھەیە و مرۆڤایەتی گفتوگۆ دەکات، بەردەوام باسی ژن و مافەکانی، ژن و یەکسانی، ژن و توندوتیژی دەکرێت و کەچی، شەرمەزارانە، خوێن ھەروا بە جەستەی ژنەوەیە، خوێنێک ھەموو ئەفسانە و ئایین و ئایدیاکان لێی بەرپرسن و ئیتر درەنگە، زۆریش درەنگە بۆ ئەوەی بڵێین: چ شورەییە، بەڵێ چ شورەییە ژن خوێنی لێ بچۆڕێت و پیاوە ئایینییەکان ھاوار بکەن، چ پارادۆکسێکی کلتوورییە، ژن لەنێو ژانی بێمافیدا بتلێتەوە و لەولاتر گۆرانی بگوترێت، چ شەرمەندەییەکە، ئافرەت بکوژرێت و لە بەرامبەریشدا سیاسییەکان بەیاننامە دەربکەن و دادگاکانیش تەرازووەکانیان لاسەنگ ڕۆچێتە نێو بێدەسەڵاتییەوە !.. لەوەتەی مرۆڤایەتی ھەیە و ئیدراک، سەرباری ھەموو ئەو گفتوگۆیانەیش، پرسی ژن و مافەکانی ھەر یەکلانەبووەوە و ئێستایش، دەگەڵ ھەموو ئەو پێشکەوتنانەی، کە مرۆڤایەتی شانازیی پێوە دەکات، کەچی، مخابن، پرسی ژن و یەکسانی جێندەری، ھەر عوقدەی نەکراوەی ئەو پیاوانەن، کە موتەخەللیفانە قاچێکیان لە نێو ڕاڤە چەوتەکانی دەقە ئایینییەکاندایە و قاچێکیشیان وا لە نێو نەبینین، ئەو پیاوانەی، کە شانازیی دەکەن وەک پیاو دەرکەون نەک وەک ئینسان، ئاخر جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان ئینساندەرکەوتن و پیاودەرکەوتندا، ئەوانەی وەک ئینسان دەردەکەون، ژن وەک ئینسان دەبینن و ئەوانەیش، کە دەیانەوێ تەنیا وەک پیاو دەرکەون، ئیتر دەیانەوێت زاڵ بن، جیاوازیی نێوان ئینساندەرکەوتن و پیاودەرکەوتینش، زۆر بە کورتی بریتیە لەوەی، ئینساندەرکەوتن ژن لە ڕیز خۆی و وەک خۆی دەبینێت و پیاودەرکەوتنیش، ژن پلەیەک لەخوار خۆی و بە مەخڵوقی نمارە دوو دەبینێت !.. ئیتر ھەموو کێشەکە لێرەدا دەست پێ دەکات، لە خیلافی نێوان ئینساندەرکەوتن و پیاودەرکەوتندا، بۆیە دەبێ ئەو مەنتالیت و ئەقڵیەتە بگۆڕین، ئەم گۆڕینەیش بە ھەڵتەکاندنەوەی بەشێکی ئەو کلتوورە کوردییە دەکرێت، کە پڕە لە خوێنی بە ناھەقڕژاوی ژن، کە پڕە لە ھاواری کپکراوی ئەو کچانەی کە دەیانەوێت ھەبن و دەنگھەڵبڕن، کلتوورێک کە جەستەی ژن بە شەرم دەزانێ و ھی پیاو بە ئیفتیخار !.. ئەو پیاوانەی ژن وەک ئینسان نابینن، بەر لە ھەر شت ڕقیان لە خودایە، چونکە خودا ئینسانێکی دروست کرد، نیوە پیاو و نیوە ژن!.. ھەمدیس ئەو ئایین و ئایدیایانەی سوکایەتی بە ژن دەکەن، سوکایەتی بە خوا دەکەن، چونکە ژن، یەکێ لە ھەرە جوانترین مەخڵوقەکانی خودایە !.. ئیتر دەبێ ئەو دەرگایانە بشکێنین، ئەو مەنتالیت و ئەقڵیەتانە تێکبشکێنن، کە ژن وەک ئینسان نابینن و باشترین ھێز و شیان و ئیرادەیش بۆ چارەسەر، ژنەکان خۆیانن، ئەو ئینسانە مەزنانەی دەیانەوێت وەک ئینسان بژین و ھیچیتر !.