Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مستەفای سەید قادر بۆKDP: ناوەڕۆكی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ سلێمانی ئاشكرا دەكات

سلێمانی-KDP.info- لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبەكانی كوردستان ئەنجام دا، جێگری سەرۆكی هەرێمیش دەڵێ، ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم و هەردوو جێگرەكەی لە سلێمانی لەگەڵ چەند حیزبێك كۆدەبنەوە.

مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەردوو جێگرەكەی دێنە سلێمانی و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆدەبنەوە".

سەید قادر گوتیشی: "لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكی هەرێم دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبەكان كردووە لەبارەی یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، زیاتر بۆ یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستانە".

جێگری سەرۆكی هەرێم، زانیاریی زیاتری دا و گوتی، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ گۆڕان و یەكێتیدا، دۆخی ناوچەكە و عێراق و یەكڕیزیی ناوخۆی هێزە كوردستانییەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

ناوبراو دەشڵێ، كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ حیزبەكانی كوردستان، لێكنزیكبوونەوەیەكی باشی لێ بەرهەم هاتووە، هەروەها هەنگاوی زیاتری یەكڕیزیی ناوخۆیی دەنێن، چونكە هەڵوێستەكان لە یەك نزیكن.

 

عەزیز هەورامی