Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵ و میوان

ئاریان فەرەج

كاتێ لە كەموكورتییەكانی نێوخۆمان دەڕوانین، حەقمانە گازندە بكەین و چاوەڕوانیمان زیاتر بێت، بەڵام كە خەڵك لە دورەوە لێمان دەڕوانن و بە دەوروبەرمان بەراورد دەكەن و لە وێنە گەورە تاریكەكەدا وەك تروسكاییەكی روناكی دەمانبینن، ستایشمان دەكەن و بە سەركەوتوومان دەزانن.

ئەمریكایی و رۆژئاواییەكان كە دەكەونە بەر پرسیاری جەدوای ئەو گۆڕانكارییەی حەڤدە ساڵ لەمەوبەر لە عێراق بەرپایان كرد، كوردستان و بە قەولی خۆیان (عێراقەكەی دیكە) بە بەڵگەی بەهەدەرنەچوونی هەوڵەكانیان دەهێننەوە. كوردستانێك سەرباری شەڕپێفرۆشتن و تەنگپێهەڵچنین، لەسەر پێی خۆیەتی، لەسەر رێی دیموكراسی و گەشەپێدان و بیناكردنی ژیانە گەر بەدەم ئازارێكی زۆریشەوە بێت.

ئەوانەی بە سیاسەتی هەڵە و عەقڵیەتی بچوك و تەنگبینی خۆیان بەشەكەی دیكەی عێراقیان لە نائومێدی هەڵكێشا و دۆخی بەغدایان بە رۆژێك گەیاند كە میوان نەتوانێ رووی تێبكات، ئەگەر دەرسێكیان وەرگرتبێ، دەبێ لەسەر ئارامی و سەقامگیری كوردستان، لەسەر شایستەیی هەولێر وەك جێگرەوەی بەغدای نغرۆی كێشە و قەیران، ئومێد هەڵچنن نەك پێی قەڵس و توڕە بن. حەقە ستراتیجی هەرێم كە وەك سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوزارشتی لێكرد، درێژكردنەوەی سەقامگیریی كوردستانە بۆ بەشەكەی دیكەی عێراق، بەهەند وەربگرن و كاری جددی لەسەر بكەن. هاندانی شەقامی عێراقی دژی كوردستان لە رابردوودا هەڵەیەكی زەق بوو، هیچیان لێ دەستنەكەوت، بەردەوامی لەسەر ئەو هەڵەیە ئیدی گێلایەتی سیاسی و دەرس وەرنەگرتنە.

ئەوانەی كاتی خۆی نیگەران دەبوون كاتێك وەفدێكی باڵا جگە لە بەغدا، سەردانی هەولێریشی دەكرد، كاریان گەیاندە ئەوەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا نەك لە بەغداوە، بەڵكو بێ بەغدا سەردانی هەولێر بكات، دەبێ ئەم ئاماژەیە رایانچڵەكێنێ و قوڵ قوڵ بەخۆدا بچنەوە. دەبێ بزانن ماڵ ماڵ نەبێ، میوانیش رووی تێناكات. حەقیش وایە ئیدی لە پتەوی پێگە و بایەخی هەرێم تێبگەن، ئەو هەرێمەی هیچ نەما لە دژی نەكرێت، شەڕ نەما پێی نەفرۆشرێ، بەڵام دواجار تاكە بەشی لەسەر پێی خۆ وەستاوی عێراقە.