Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/١١/١٦ لە رۆژی جیهانی لێبوردەییدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

شاندەکە لە نوێنەری ئاینەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، زەردەشتی، سابیئەی مەندایی و بەهائی پێکهاتبوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئایینی و لێبوردەیی لە هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئایینەکان تەواوکەری یەکترن و ئامانجیان رێنیشاندانی مرۆڤە بۆ رێگەی راست. گوتیشی یەکێک لە رووە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە مایەی شانازی ئێمە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەو بەیەکەوەژیان وتەباییەیە کە لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردستان نیشتمان و ماڵی هەموومانە و پێویستە هەموومان کار لەسەر گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کورستان بکەین و هەموو رۆژێکمان رۆژی بەیەکەوەژیان و لێبوردەیی بێت.