Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP مه‌رجی دروستكردنی دوو خانوو لەسەر یەك پارچەزەوی بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەوانیی شەشی هەولێر ڕایگەیاند، پێشتر بە بڕیارێكی وەزارەت دروستكردنی دوو خانوو لە سەر یەك پارچەزەوی بە هیچ جۆرێك رێگاپێدراو نەبوو، بەڵام ئێستا لە هەندێك گەڕەك و بە گوێرەی هەندێك رێنمایی، لە سنووری هەر شەش شارەوانیی هەولێر رێگا بە دروستكردنی دوو خانوو لە سەر یەك پارچەزەوی دەدرێت.

شۆڕش عەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی تێبینییەكانی هەر شەش شارەوانی سەبارەت بە دابەش دووی زەوی بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر درا، ئێستا بە گوێرەی رێنماییەكی وەزاری، هەر گەڕەكێك 50%ی خانووەكانی دابەش دوو بن، هاووڵاتیان دەتوانن لەسەر یەك پارچەزەوی دوو خانوو دروست بكەن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووری و باری كۆمەڵایەتیی گەڕەكەكان، كە زۆربەیان گەڕەكی هەژارنشینن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "لە گەڕەكە تازەكانی هەولێر، بە هیچ شێوەیەك رێگا بە دابەش دوو نادرێت، چونكە كاریگەریی خراپی لەسەر خزمەتگوزارییەكانی وەك شەقام و كەمئاوی و كێشەی ئاوەڕۆ دروست دەكات".

 

هێدی كاكەیی