Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی گواستنەوە: هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێ جێبەجێ دەكرێت.. رەنگی تاكسییەكان ناگۆڕێ

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێی تاكسی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، بەمەش دەتواندرێت كاری تاكسی رێك بخرێتەوە و كۆنتڕۆڵ بكرێت.

سەڵاح جەوهەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیِ، هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێی تاكسی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، كە سوودی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە تاكسییەكان تۆمار و كۆنتڕۆڵ دەكرێن و جیا دەكرێنەوە لە ناوەوە و دەرەوەی شار، هەر تاكسییەكیش لە پارێزگایەك ئیش بكات، ناتوانێ لە پارێزگایەكی دیكە كار بكات.

جەوهەر گوتیشی، وەكو هەنگاوی یەكەم هەفتەی داهاتوو پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێت بۆ رێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی ئیشوكاری تاكسییەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، چونكە بە جێبەجێكردنی ئەو سیستمە، رێگری لە سەرپێچییەكان دەكرێت و تاكسی هەیە خەتی هەیە، تەنها لە خەت كار دەكات و ئەوانەی ناوشاریش، بە هەمان شێوە تەنها لە ناوخۆ كار دەكەن.

ناوبراو ڕەتیشی كردەوە، كە داوای گۆڕینی رەنگی تاكسییەكانیان كردبێت و باسی لەوە كرد، تەنها رەنگی ئەو ئاڕمەی لە تاكسییەكان دەدرێت، جیاوازە، ئەگەرنا رەنگەكان ناگۆڕێن.

 

بڵند ئیبراهیم