Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP ناوی بەربژێرانی جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر بڵاو دەكاتەوە

ھەولێر-KDP.info- سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ھەولێر رایدەگەیەنێت، جێگری پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر دەگۆڕدرێن، كە دوو كاندیدەكەش بۆ ئەو پۆستانە، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

سبەی پێنج شه‌ممە ١٤ی١١ی٢٠١٩، ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و جێگری پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ھەولێر ھەڵدەبژێرێت.

كەنعان خەیلانی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، لە لێدوانێكیدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی كابینەی نۆیەم بڕیار دراوە گۆڕانكاری لەسەر ئاستی حكوومەت و پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

خەیلانی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر كۆمەڵێك دانیشتن كراوە، بۆ ئەوەی لە ھەموو سێكتەرەكان گۆڕانكاری بكرێت، گۆڕانكارییەكانیش ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە پێویستن، ئەو پلانەش لە ماوەیەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێت، كە ھەنگاوی یەكەمیش گۆڕانكاری بوو لە پارێزگار، ئێستاش لە رێگای پارێزگارەوە، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر دەگۆڕدرێن.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاشكرای دەكات، بەپێی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە، ھێمن قادر فەقێ عەبدوڵڵا، كاندیدە بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری ھەولێر  و د. دلۆڤان محەمەد كاندیدە بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، ئەو دوو كاندیدەش، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

ناوبراو روونیشی دەكاتەوە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیاتر لە ١٥ بەڕێوەبەری گشتی و ٩ قایمقام و ٣٠ بەڕێوەبەری ناحیەمان ھەیە، ھەر بۆیە ئەم پرۆسەیە بەپێی پێویست بەردەوام دەبێت.

 

ھەڵكەوت محەمەد