Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمار کرد"

 

هەولێر-KDP.info-بە تۆمەتی نایاساییبوونی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق تۆمار کرد و ئەندامێکی لیستی برایەتیش دەڵێ، بڕیاری پەرلەمان پێچەوانەی دەستوورە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەن.

 

دلشاد پیرۆت، ئەندامی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دوێنێ لە شاری بەغدا سکاڵای لەسەر پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە لەبارەی دەرکردنی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بە ھیچ شێوەیەک ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و لیستی برایەتی ڕازی نین بەو بڕیارەی پەرلەمان، لەبەر ئەوەش پەنامان بۆ دادگا بردووە."

 

ئەندامەکەی لیستی برایەتی دەشڵێ: "بڕیاری پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێچەوانەی دەستووری عێراقە، چونکە ھیچ بڕیارێک ھێزی ئەوەی تێدا نییە یاسایەک ڕەت بکاتەوە و بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاکان پێک ھاتوون و بە یاساش کار دەکەن."

 

لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، دلشاد پیرۆت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین پارێزگار لەنێو خەڵکدا ھەڵبژێردرێت و ڕاستەوخۆ ھاووڵاتییان دەنگ بۆ دیاریکردنی پارێزگار بدەن، چونکە کێشەی دانانی پارێزگارەکان چارەسەر دەکرێت و ھەنگاوێکی باشە، دانیشتووانی ھەر پارێزگایەک پارێزگار بۆخۆیان ھەڵبژێرن."


قائید میرۆ