Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا قارەمان: پڕۆژەیەک بۆ ڕێکخستەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادە کراوە

 

هه‌ولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، پڕۆژەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادە کراوە و دەشڵێ، یەکەکانی حەفتا و ھەشتا بە میکانزمێک دەخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.

 

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک ھێزی پێشمەرگە ھەن لە دەرەوەی سیستەمی وەزارەتی پێشمەرگەن، وەک ھێزەکانی حەفتا و ھەشتا و چەند ھێزێکی دیکە، ئەو ھێزانە پێویستیان بە ڕێکخستنەوە ھەیە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان."

 

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "پڕۆژەیەک ئامادە کراوە بۆ ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێویستی بە کۆبوونەوە لە نێوان ھێزەکان و وەزارەتی پێشمەرگەدا ھەیە، چونکە ڕەشنووسی پڕۆژەکە تەنیا یەک خاڵ نییە و دەبێ لەسەر چۆنیەتیی گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەت بگەنە ڕێککەوتن."

 

لیوا قارەمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "شتێک لە ھەردوولاوە ئامادەک ڕاوە و بۆچوونەکان لە یەکتر نزیکن بۆ ئەوەی ھەموو ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەت یەک بگرن و نیەتێکی باش ھەیە، بەڵام ھێشتاش ماوە بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی کۆتایی، چونکە پێویستە بزانن چۆن دەخرێنە سەر وەزارەت و چ ناوێکیان لێ دەنێن."

 

قائید میرۆ