Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"زێدەڕۆییی سەر زەویی پێکھاتەکان لادەبرێت"

 

هه‌ولێر-KDP.info- بە یاسا پارێزگاری لە زەویی پێکھاتەکان دەکرێت و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێ، لە زۆربەی ناوچەکان زێدەڕۆیی کراوەتە سەر زەویی کریستیانەکان و خەریکی لابردنی ئەو زێدەڕۆیانەن.

 

کلارا عودیشۆ، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە نزیکەی ٥٥ گوندی کریستیان زێدەڕۆیی کراوەتە سەر زەویی کریستیانەکان و لە ھەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی زەویی کریستیانەکان، بەتایبەتی لە ڕێگەی یاساوە مافی ھاووڵاتییانی کریستیان پارێزراو دەبێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا کێشەی گوندی تەقەڵی سەروو سەر بە قەزای  ئامێدی، کە مڵکی کریستیانە چارەسەر کرا و زەوییەکان بۆ کریستیانەکان گەڕێندرانەوە، دوای ئەوەی زێدەڕۆیی کرابووە سەریان."

 

ئەو نوێنەرەی کریستیانەکان دەشڵێت: "لە کاتی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەناوکردنی زەویی زێدەڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان توانیومانە بڕگەیەکی تێدا جێگیر بکەین، بەوەی کە تاپۆکردنی زەوی و خانووی زێدەڕۆ بە ھیچ شێوەیەک زەویی کریستیانەکان ناگرێتەوە، واتە ئەگەر زێدەڕۆییەکە لەسەر زەویی پێکھاتەکان بێت، تاپۆ ناکرێت و یاساکە نایگرێتەوە."

 

کلارا عودیشۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەگوێرەی یاسای ژمارەی ٥ی ساڵی ٢٠١٥ بە ھیچ شێوەیەک زێدەڕۆیی سەر زەویی پێکھاتەکان ڕێگە پێدراو نییە و ھەرکەس و دەزگایەکیش بیکات، لادەبرێت، تەنانەت ئەگەر حکوومەت خۆی بەکاری ھێنابێت."

 

قائید میرۆ