Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی بازرگانی: ئه‌گه‌ر پرۆسەكە سەركەوتوو بوو.. پسوولەی خۆراك نامێنێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی بازرگانیی عێراق و رێكخراوی دەبلیو ئێف ئۆ، بە هەماهەنگیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، پسوولەی خۆراك بەئەلیكترۆنی دەكەن.

فەتحی محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە شێوەی تێست چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا لە سنووری دهۆك چەند بریكارێك وەك نموونە سەرقاڵی ئەو كارەن و لە دوو پارێزگای دیكەی عێراقیش پڕۆژەكە لە قۆناغی تاقیكردنەوەیە و تا ڕادەیەكیش سەركەوتنی بە دەست هێناوە.

فەتحی گوتیشی، بە گوێرەی سیستمە تازەكە، پسوولەی خۆراك نامێنێت و پەنجەمۆری سەرۆكی خێزان و ئەندامانی وەردەگیرێت و سەرۆكی خێزان تەنها مافی ئەوەی دەبێت مانگانە بڕە خۆراكە كه‌ وەربگرێـت، ئامانجیش لەو پڕۆژەیە، زانینی داتایەكی دروستە لەسەر ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشەخۆراك وەردەگرن یان رێنماییەكان دەیانگرێتەوە بۆ ئەوەی وەریبگرن.

ناوبراو دەشڵێ: "دوای تەواوبوونی ماوەی تێست، پرۆسەكە سەرجەم بریكارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە كەوتوون، پرۆسەكە سەركەوتوو بووە".

 

هێدی كاكەیی