Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی بایرنی ئەڵمانیا پێشوازیی لە شاندێکی لاوانی کوردستان کرد

 

هەولێر-KDP.info-  لە شاری میونخی پایتەختی ھەرێمی بایرنی ئەڵمانیا شاندێکی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە لایەن د. فلۆریان ھیرمان، نوێنەری سەرۆکی حکوومەت، کە ھاوکات وەزیری دەوڵەتیشە بۆ پەیوەندییەکانی ئەوروپا پێشوازی کران .

 

لە دیدارەکەدا، کە لە لایەن سەرۆکایەتیی لاوانی پارتی سی‌ئێس‌یۆی ئەڵمانیاوە ڕێک خرابوو، شاندی لاوانی کوردستان سوپاسی سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێم و لاوانی بایرنیان کرد بۆ ئەو پێشوازییە فەرمییە.

 

لاوانی کوردستان باسی دواین ڕەوشی سیاسی و ئابووریی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتیان بۆ دکتۆر فلۆریان کرد و ھیوایان خواست چۆن دۆستایەتیی لاوانی ھەردوو ھەرێم لە ئاستێکی باشدایە، بە ھەمان شێوە لە لایەن ھەردوو ھەرێمەوە دۆستایەتییەکان لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووریش پتەو بکرێن.

 

سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی بایرن بەگەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانیان کرد و ئامادەییی خۆیان دەربڕی بۆ ھەر ھەماھەنگییەک لە نێوان ھەردوولادا و، ھیوایان خواست پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی سیاسی لاوانی ھەردوو ھەرێمدا بەردەوام بن.

 

شایانی باسە شاندێکی لاوانی سی‌ئێس‌یو لە مانگی ئایار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لە لایەن بەڕێز، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمەوە پێشوازی کران.

 

هۆزان سەمەد