Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پێشووی داد: هەر گۆڕانكارییەكی ده‌ستووری دەسەڵاتەكانی هەرێم كه‌مبكاته‌وه‌ كورد رازی نابێت

هەولێر-KDP.info- وەزیری دادی پێشووی حكوومەتی هەرێم دەڵی، دیار نییە مەبەستی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق، كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانە، یا ئەو بڕگە و ماددانەن كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق دان، هاوكات بە پێویستیشی دەزانێت، حكوومەتی هەرێم لیژنەیەك لە كەسانی پسپۆڕ بە مەبەستی پاڵپشتیكردن لە ئەندامانی كورد لە لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور دابمەزرێنێت.

شێروان حەیدەری، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق هەر لە خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە باسێكی ئاسایی بووە و چەندین جار لیژنەشی بۆ درووست بووە،  بەڵام بێ ئەنجام بوون، ئەمەی ئەمجارەیان جیددییە، ئەویش بە هۆی ئەوەی هەندێ لایەنی سیاسی، دەستووریان بە ئامانج گرتووە.

وەزیری دادی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەو نەفەسە ناڕەوایەش دەدا، كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەو پێیەی ئامانجێكی پشت هەمواركردنەوەی دەستوور، كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بێت، هاوكات دەستكاریی فیدراڵییەت بكرێت و بەرەو مەركەزییەت بگەڕێینەوە، هیوایشی خواست ئەو نەفەسە راست و دروستی نەبێت.

ئەوەی بە لای شێروان حەیدەرییەوە روون نییە، ئەوەیە، كە نازاندرێت مەبەستی هەمواركردنەوەی دەستوور مەبەست لێی ئەو بڕگە و ماددانەن، كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان، یا ئەو ماددە و بڕگانەن، كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقن بە شێوەیەكی گشتی.

ناوبراو بە پێویستی دەزانێت، كە حكوومەتی هەرێم هەستێ بە دروستكردنی مەتبەخێكی سیاسیی دەستووری لە هەرێمی كوردستان، كە بریتی بن لە نوێنەرانی لایەنەكان و كەسانی پسپۆڕ لە بواری دەستووریدا، ئەویش لە پێناو پاڵپشتیكردنی ئەندامانی كورد لە لیژنەی هەمواری دەستووری عێراقدا، تا لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە هاوكاریان بن.

وەزیرەكەی پێشووی داد، جەختیش لەوە دەكاتەوە، هەر گۆڕانكارییەك لەو ماددە و بڕگانەی كە پەیوەستن بە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، نە كورد رازی دەبێت، نە ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش قبووڵی وەها دەستكارییەك دەكەن، بەو پێیەی نائارامی زیاتر لە عێراقدا روو دەدات و ئەوەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەك نییە.

 

خێڵان بەختیار