Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا: گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا ده‌كه‌ونه‌ دوای هێور بوونه‌وه‌ی رەوشی عێراق

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، دەڵێ، جارێ رەوشی عێراق هێور نەبووەتەوە، هەر بەو هۆیەشەوە گفتوگۆكانیان وەستاون. دەشڵێ، ئەوان  وەكو هەرێم پشتگیریی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن، تا ئەو بارودۆخەی ئێستا تێدەپەڕێنن.

فارس عیسا، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، راگەیاند، لە ئیستادا ناتوانین بڵێین بارودۆخی عێراق هێور بووەتەوە، بەو پێیەی خۆپیشاندانەكان بەردەوامییان هەیە و لە هەندێ شوێندا كەم بووەتەوە، هەر ئەوەش وای كردووە، كە گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا رابوەستن، بەو پێیەی بارودخەكە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر لایەنی سیاسی و ئابووری كردووە.

سەرۆكی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەوان پاڵپشتیی عادل عەبدولمەهدی دەكەن، لە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران هەتا ئەو كاتەی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە تێدەپەڕێت. ناشیشارێتەوە، هەندێ لایەنی بەشداری ئەم كابینەیەی عێراق، خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە و، ئەوەش وای كردووە، كە متمانە لە نێوان لایەنەكاندا نەمێنێت، لە كاتێكدا ناوبراو پێیوایە دەبێ هەموو ئەو لایەنانەی له‌م كابینەیەدا بەشدارن، هاوكاری چارەكردنی دۆخەكە بن، چونكە ئەو كەموكورتییانەی هەن، هی كابینەكانی پێشترن.

فارس عیسا، هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی گفتوگۆكانی هەرێم و ناوەند روون دەكاتەوە، بەو پێیەی ئەوانیش كاری لەپێشینەیان چارەكردنی دۆخی ئێستای عێراقە، بەو پێیەی گرژییەكانی ناوەند كاریگەری نەرێنیشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە لە هەوڵدان و پشتیوانیی سەرۆكی حكوومەتی عێراق دەكەن، تا بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت، ئەوكات كار بۆ گفتوگۆكان دەكەن.

 

خێڵان بەختیار