Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەكێتیی لاوان: هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەسەر ئاستی كوردستان بەڕێوە دەچێت

هەولێر-KDP.info- یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، هەڵمەتێكی سەرتاسەریی دژ بە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە ناونیشانی (ماددەی هۆشبەر چەكی لاوكوژ) ئەنجام دەدات، بەرپرسێكی ئەو ڕێكخراوەش دەڵێ، دەیانەوێت لاوان لە مەترسیی ماددەی هۆشبەر هۆشیار بكەنەوە.

ڕێبوار كەلاری، كارگێڕی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە ‌یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، وەك ئەركێكی سەرشانمان بە پێویستی دەزانین لاوانی ئێمە خاوەن تەندروستییەكی باش بن و دوور بكەونەوە لە ماددە هۆشبەرەكان، چونكە زیانی گیانی و ماددیی گەورەیان پێ دەگەیەنێت".

كەلاری گوتیشی: "لەسەر ئاستی كوردستان لە ڕێگەی 25 ناوەندی باڵا و ماڵی لاوان لە ڕێگەی سیمینار و دیبەیت و كۆڕەوە، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر ئەنجام دەدەین، كە لە ژێرناونیشانی "ماددەی هۆشبەر چەكێكی لاوكوژە" بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لاوەكانمان هۆشیار بكەینەوە لە زیانی گەورەی تەندروستی و مادییەوە".

ناوبراو زیاتر ڕوونی كردەوە: "ئەركی سەرەكیی ئێمەیە وەك یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لاوانمان لە ماددە هۆشبەر و زیانبەخشەكان هۆشیار بكەینەوە، تەواوی ناوەندە باڵاكانیشمان سەرپشك كردووە لەوەی هەر ناوەندی باڵایەك لە سنووری ناوەندە باڵاكەی و ناوەندە چالاكییەكانییەوە، چالاكی ئەنجام بدەن بۆ هۆشیاركردنەوەی لاوان لە زیانی گەورەی ماددەی هۆشبەر، تەواوی سیمینار و دیبەیتەكانیشمان، مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕان و دكتۆر و مامۆستایانی ئایینی بەڕێوەیان دەبەن".

ئەو بەرپرسەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ: "ئێمە پێمان وایە ماددەی هۆشبەر ئێستا یەكێكە لە هۆكار و خەتەرە بەربڵاوەكان لەسەر ئاییندەی لاوی كورد، بۆیە ئەركی ئێمەیە وەك ڕێكخراوێكی تایبەت بە لاوان، لاوانمان لە مەترسیی ماددەی هۆشبەر هۆشیار بكەینەوە و، ڕێگەنەدەین ببنە قوربانیی ئەو ماددە كوشندەیە".

 

عەزیز هەورامی