هەولێر-KDP.info- مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له دیبه‌یتێكی تایبه‌تی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە ( MERI) پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پەیوەندی لە گەڵ عێراق خستەروو.
ئامانجمان خزمەتکردنی خەڵکە
هەرچەندە درووستكردنی حكومه‌ت ماوه‌یه‌كی خایاند، به‌ڵام دواجار حكوومه‌تێكمان پێكهێنا و ماوه‌یه‌كه كار ده‌كه‌ین،من بۆ خزمەتکردنی خەڵک ئەو ئەرکەم وەکو ئەمانەتێک وەرگرتووە تا خزمەتی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین بێ جیاوازی. هەست دەکەین تەبایی وتێگەیشتنێکی باش له نێوان من و لە گەڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران کاک قوباد تاڵه‌بانی و هەموو وەزیرەکاندا هه‌یه.لە رۆژی یەکەمیشەوە بە هەموو وەزیرەکانم گوتووە کە ئێمە هاتووین خزمەتی خەڵک بکەین و حكوومەت ئه‌جێندایه‌كی هاوبه‌شی هه‌یه کە لەلایەن هەموو بەشداربووانی حکومەت نووسراوە و به‌یه‌كه‌وه كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌جێندایه ده‌كه‌ین و تا لە یەکیشەوە نزیکتربین ده‌توانین باشتر ئه‌و ئه‌جێندایه جێبه‌جێ بكه‌ین.
کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەکەین
له كارنامه‌ی حكوومه‌ت چه‌ند تەوەرێکی گرنگمان هەن کە کاریان له‌سه‌ر دەکەین و پێمانوایە گرنگن بۆ قۆناخی داهاتووی هەرێمی کوردستان. یه‌كێك له‌وانه پرسی چاکسازی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سنووردارکردنیەتی کە پێشتریش هەولدراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەڵام ئێمە وردتر و زیاتر کاری لەسەر دەکەین ، هه‌وڵیشمانداوه کابینەی نۆیەم حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزار بێت و زیاتر هاووڵاتی سه‌نته‌ری خزمه‌تگوزارییه‌كان بێت.
هەروەها به‌رنامه‌مان هه‌یه بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا، كه ماوه‌یه‌ك گرژی و دووركه‌وتنه‌وه هه‌بووه و هۆکارەکانیش دیارن و پێویست بە باسکردنیان ناکات. به‌ڵام هه‌وڵێكی جدی هه‌یە بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی بكه‌ینه‌وه لە سەر بنەمای ده‌ستوور.
كرانه‌وه به رووی جیهان
هه‌موو هه‌وڵێك دراوه بۆ هێنانی وه‌به‌رهێنانی بیانی و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆ. هەروەها فراوانكردنی سهرچاوەکانی داهات، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا پشت به هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و گاز و وزه بەگشتی نه‌به‌ستین، به‌ڵكو په‌ره به هه‌موو كه‌رته‌كانی دیكه‌ش بدەین وه‌كو كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار، هەروەها هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گرنگی تایبەت بە په‌روه‌رده و فێركردن و تەندروستی بدەین.
پاراستنی سه‌قامگیریی لە هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ی له‌ناو كارنامه‌ی حكوومه‌ت جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه، هاوكات پرسی پێشکەشکردنی خزمه‌تگوزاری و بە ئهلیكترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان ئاسانتر ده‌ستیان به خزمه‌تگوزارییه‌كان بگات.
له هه‌موو سێكته‌ره‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان كارمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی داتا‌کان كۆبكرێنه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای داتا بڕیار بدرێت نه‌ك میزاج، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئێستا كه له ده‌ستپێكی كابینهداین له كوێین و دواتر بزانین چ بڕیارێك بدەین.
بە پێی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستن ، ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابخانه پێویستن، كه نییه. به گوێره‌ی داتاكان، نزیكه‌ی 35 هه‌زار پۆلی خوێندن پێویستن به گوێره‌ی ستانداری نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی مامۆستا بۆ هەر پۆلێک دابین بكه‌ین، بێگومان هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت پێشبكه‌وێت ده‌بێت گرنگی به په‌روه‌رده بدات، هەر له قۆناغی سهرهتاییەوە تا زانكۆ.
لە هه‌ندێك شوێنی دووره‌ده‌ست قوتابخانه نییه، ئێمه بودجه‌ی تایبه‌تمان ته‌رخان كردووه و داواشمان له كه‌رتی تایبه‌ت كردووه هاوكاری حكوومه‌ت بن له‌و پرسه، چونكه ئه‌و قه‌یرانه داراییه سه‌خته‌ی هه‌رێم دووچاری بووه وە بووە هۆی ئەوەی قه‌رزێكی زۆری بکەوێتە سه‌ر، بەتایبەتیش به‌هۆی شه‌ڕی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاوارەو پەنابەر، ئه‌وه‌ش بارگرانییه‌كی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد، به‌پێی تواناش هه‌وڵمان داوه زۆر گرنگی به كه‌رتی په‌روه‌رده بده‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاری پێویستمان داوه.
گرنگیدان بە كه‌رتی ته‌ندروستی
لە بواری تەندروستیشەوە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن په‌ره سیسته‌می ته‌ندرووستی بده‌ین، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا بۆ خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو بتوانین له داهاتوودا ئه‌و كه‌رته بكه‌ینه كه‌رتێكی ئه‌وتۆ کە پەرە بە توانای پزیشكانمان بدەین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌و رێگه‌یه‌وه خه‌ڵك له ده‌ره‌وه بەمەبەستی چارەسەر بێتە هه‌رێمی كوردستان.
ده‌مانه‌وێت به‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه لە ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆش خەرج دەکرێت، ته‌كنه‌لۆجیای پێویست بهێنرێته هه‌رێمی كوردستان كه خه‌ڵكێكی زۆر لێی سوودمه‌ند بن، کە سەرئەنجام ئاستی چاره‌سه‌ری ته‌ندروستیش له هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه.
ئاسانکاریی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ
بێگومان هه‌ر وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بیه‌وێت پێش بكه‌وێت، ده‌بێت ژێرخانێکی ئابووری باشی هه‌بێت، به‌داخه‌وه له كوردستان به پێی پێویست نه‌توانراوه ئەوە بكرێت، له زۆرێك له كه‌رته‌كان كه‌موكوڕی هه‌یه و ده‌بێت چارەسەر بكرێن.
سیاسه‌تی ئابووری هه‌رێمی كوردستان تا ئیستا بەشێکی زۆری له‌سه‌ر هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل بووه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كه‌واته ئێمه وڵاتێكین كه‌لوپه‌ل هاورده ده‌كه‌ین و خۆمان نه‌مانتوانیوه به‌رهه‌مێكی ئه‌وتۆمان هه‌بێت و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ین، ئه‌وه‌ش له سیاسه‌تی ئابووریدا له خزمه‌تی كوردستاندا نه‌بووه، جگه له هەناردەکردنی نه‌وت و هه‌ندێك به‌رهه‌می دیاریكراو نه‌بێت.
ده‌كرێت له رێگه‌ی هاندان و ئاسانكاری بۆیان، وهبهرهێنانەرانی ده‌ره‌كی بهێنرێنه كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته وه‌به‌رهێنه‌ر هه‌ست به‌وه بكات ئاسانكاریی بۆ كراوه.
ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كوردستان به‌وه ده‌بێت داهات له ده‌ره‌وه بهێنرێته هه‌رێمی كوردستان ئەمەش به وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كان ده‌كرێت، له هه‌مانكاتدا ده‌بێت وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆییش هانبدرێت داهات نه‌باته ده‌ره‌وه و بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته ئاسانکاری باشتر بكرێت. هەروەها پێویستە وه‌به‌رهێنه‌ر خۆی بڕیار له‌سه‌ر دروستكردنی پرۆژه نه‌دات، به‌ڵكو حكومه‌ت بزانێت پێداویستی خه‌ڵك چییه ئینجا بیداته بەو پێیە پڕۆژە بداتە وه‌به‌رهێنه‌ر، به‌و جۆره‌ی پرۆژه‌كه له‌گه‌ڵ پێداویستی خه‌ڵك بگونجێت، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نییه كه وه‌به‌رهێنه‌ر مافی ده‌ستنیشانكردنی پرۆژه‌كه‌ی نەبێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه و ده‌توانن له‌وه‌شدا حکومەت هاوكاربێت.
پاراستنی ژینگه ئەرکی هەموو هاووڵاتیانە
ژنیگهپارێزی ته‌نها ئیشی كۆمپانیایه‌ك نییه، به‌ڵكو ئه‌ركی هه‌موو هاووڵاتیانه، پێویسته خەڵک بزانێت كوردستان ماڵی گه‌وره‌ی هه‌موومانه، ده‌بێت تاك به‌و شێوه‌یه بیربكاته‌وه كه هاوشێوه‌ی ماڵی خۆی کوردستانیش پاک رابگرێت و زبڵ و پاشماوه فڕێ نه‌دات، پاراستنی ژینگه ئه‌ركی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه، كه پێویسته هه‌م كۆمپانیاكان ئه‌مه ره‌چاو بكه‌ن، هه‌م هاووڵاتیانیش، لەم رووەوە هەرچییەک له سەر ئێمە پێویست بێت ده‌یكه‌ین.
گەندەڵی تەنیا دارایی نییە
ئێمە هەرلهسهرتاوه گوتوومانه دژی گه‌نده‌ڵین، هه‌موو هه‌وڵێكیشمان داوه ئه‌و دیارده‌یه بنبڕ یاسنوورداری بکەین بكه‌ین، دیارە له هه‌موو دنیاش گه‌نده‌ڵی هه‌یه، به‌ڵام رێژه‌ییه، پرسەکەش نابێت ته‌نیا لە گه‌نده‌ڵی داراییدا کورتی بکەینەوە. بەڵکو بۆ نموونە خراپ به‌كارهێنانی كاتیش گه‌نده‌ڵییه، بۆ نموونه ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران كه ده‌بێت له كاتی دیاریكراودا له خزمه‌ت هاووڵاتیدا بێت.ئەگەر کاتەکەی بە فیڕۆ بدات ئەوەش جۆرێکە لە گەندەڵی . هه‌ندێك له‌و ئەرکانەی سنووردانان بۆ گەندەڵی ده‌كه‌ونه سه‌ر ئه‌ستۆی حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ش بڕیارمانداوه كه ده‌بێت ده‌وام رێكبخرێته‌وه و فه‌رمانبه‌ران ده‌وامی خۆیان بكه‌ن. بۆ نموونه كه‌سێك کە له رێگه‌ی دووره‌وه دێته هه‌ولێر بە چەندین رۆژ و هه‌فته له دوای مامه‌ڵه‌كه‌ی بێت و پاره‌یەکی زۆری هاتوچۆ خەرج بکات بۆ ئەوەی کارەکەی بۆ رایی بکرێت بەڵام بۆی ناكرێت بەڕاستی ئه‌وه‌ش جۆرێکە لە گه‌نده‌ڵی.
هه‌ر كه‌سێك فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌ته خزمه‌تكاری خه‌ڵكه، بۆ ئه‌وه دانراوه كه خزمه‌ت بكات، ده‌بێت مه‌منوونیش بێت هاووڵاتی لێی رازی بێت، ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی ئێمه بووه له‌سه‌ری رۆیشتوون، خۆشحاڵیشم كه خه‌ڵك رازییه له رێكخستنه‌وه‌ی ده‌وام.
راگرتنی هه‌موو ئه‌و هۆكار و رێگایانەی كه گه‌نده‌ڵیان ئاسان دەکرد، چاره‌سه‌ری نیوه‌ی گه‌نده‌ڵییه، ئه‌وه‌شمان كردووه، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش ده‌مێنێته‌وه به پێداچوونه‌وه به‌و شوێن و بابه‌تانه‌ی كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان گه‌نده‌ڵی تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به دەنگۆ و لێکدانەوەی شەخسی ناكرێت و ده‌بێت به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ته‌واو هه‌بێت لە سەر گەندەڵی.
هه‌وڵمانداوه ریفۆرمی دارایی و ئیداری بكه‌ین، کە رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ بنبڕكردنی یا سنووردارکردنی گه‌نده‌ڵی، ئه‌وه‌شمان ده‌ستپێكردووه و پسپۆری بیانی هێنراون، کە بەیەکەوە هەوڵ دەدەین ئه‌و دیارده‌یه به‌شێكی زۆری كۆنتڕۆڵ بکەین.
هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە
ئه‌و یاسایانه‌ی له عێراق ده‌رده‌چن، هه‌ندێكیان به گوێره‌ی ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاتی سیادین و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمە لە هەرێمی کوردستان خاوه‌نی دهستوورباین، یاساكانی خۆمان زاڵ دەبوون به‌سه‌ر یاساكانی عێراق.
ئه‌و یاسایانه‌ی داده‌ڕێژرێن به گشتی باشن، كێشه له جێبهجێكردنیانه، كه به گوێره‌ی پێویست جێبەجێ ناکرێن، به‌تایبه‌ت کێشەکە لەو کەسانەیە به‌رپرسن له جێبه‌جێكردنی یاساکان،بێگومان ئه‌گه‌ر گرفتێك له بڕگه‌یه‌ك یان مادده‌یه‌كی یاسایی هه‌بێت له‌به‌رده‌م خه‌ڵك، ئه‌وا ده‌كرێت هه‌مواری بكه‌ینه‌وه.
دیارە ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، خه‌ڵكی فه‌قیر و هه‌ژار نییه، ئه‌گه‌ر بشكهن سه‌رپێچییه‌كی ساده‌یه و كاریگه‌رییه‌كی كه‌می ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رپرسێك كه ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی یاسایه بیكات، كاریگه‌رییه‌كی زۆرتره و مه‌ترسیدارتره، ئێمە هیچ كه‌سێكیش له سەرووی یاساوە نابینین. تایبەت بە بابەتی یاساكانیش وه‌زیرێكی تایبه‌تمان هه‌یه به پرسی مه‌له‌فی نێوان حكوومه‌ت و په‌رله‌مان.
چاكسازی له باج
ده‌مانه‌وێت ته‌نیا پشت به یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات نه‌به‌ستین و گرنگی به ته‌واوی كه‌رته‌كانی دیكه‌ش بده‌ین، بۆ بابەتی باج، كۆمپانیای گه‌وره و بچووك له كوردستان هه‌ن و پابه‌ندن باج به حكوومه‌ت بده‌ن، ئه‌وه‌ش ستانده‌رێكی نێوده‌وڵه‌تییه، باج رێگهیهكیشه بۆ به‌رپرسیاربوونی هاووڵاتی به‌رامبه‌ر به وڵاته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر هاووڵاتی باج بدات ده‌توانێت گوشار له‌سه‌ر حكوومه‌ت دروست بكات، ئه‌گه‌ر هاووڵاتی هیچ به‌رپرسیارێتی نه‌بێت ناتوانێت ئه‌و گوشاره‌ش بكات.
حكوومه نایه‌وێت باج له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت قورس بكات، به‌ڵام كۆمپانیا گه‌وره‌كان ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی دروست سیسته‌می باجه‌كانیان رێكبخرێنه‌وه، هه‌وڵی جددیش هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه و له داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێت.
شه‌فافیه‌ت و روتین
روتین یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی كه خه‌ڵك زیاتر زیانی لێده‌كه‌وێت،هەوڵی بنبڕکردنیشی دەدەین ، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئیمزایه‌ك 10 بۆ 12 رۆژی بوێت ئەوە بەڕاستی روتینێكی زۆره، ئێمه به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ی زیاتر به حكوومه‌تی ئه‌لیكترۆنی بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كان كورتبكه‌ینه‌وه، تا هاووڵاتی بتوانێت به كه‌مترین كات ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی هه‌یه‌تی تەواوی بکات.
هه‌ر كاتێك خه‌ڵكێك شاره‌زابێت له كاره‌كه‌ی، ده‌توانێت به‌بێ روتین كاره‌كان تێپه‌ڕێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شاره‌زای كاره‌كه‌ی نه‌بوو، په‌نا بۆ شوێنی دیكه ده‌بات، ئه‌و كارانه كاتی زۆریان ده‌وێت بۆ چاكسازی کە پرۆسەیەکی به‌رده‌وامه و هیچ كات ناتوانرێت بگوترێت گه‌یشتینه دواقۆناغی چاكسازی، بەردەوام ده‌توانرێت چاكسازی زیاتر بكرێت، ئێمه له حكوومه‌ت هه‌وڵمانداوه روتین له سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان كه‌م بكرێته‌وه، له‌گه‌ڵ وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان گفتوگۆ كراوه چۆن به‌و ئامانجه بگه‌ین، ئه‌وه‌ش له ژێر چاودێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران.
په‌یوه‌ندی حكوومه‌ت و حزب
نكۆڵی له رۆڵی حزب ناكرێت، لە هەڵبژاردنەکانیش جه‌ماوه‌ری حزبه‌كان بڕیار ده‌ده‌ن كامه حزب ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و متمانەی زیاتری جەماوەر بدەست بێنن.
دوای هه‌ڵبژاردن حزبه براوه‌كان ده‌توانن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر داڕشتنی كارنامه‌ی حكوومه‌ت هه‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر حكوومه‌تێكی هاوپه‌یمانی بێت، لایه‌نه به‌شداره‌كان ده‌توانن ئه‌جێندای هاوبه‌ش پێشكه‌ش بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له كابینه‌ی ئێستا هه‌یه.
كاتێك حزب به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كات و ئه‌جێندای خۆی بڵاودەکاتەوە، ئینجا ئهجێنداكهی له حكوومه‌تیش داده‌ڕێژێت، كه‌واته حكوومه‌ت ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای لایه‌نه براوه‌كانن، ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی حزبه‌كانیش دیاریان ده‌كه‌ن ده‌بێت جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌ی حزبه‌كانیان بن، هاوكات ده‌بێت ئه‌جێنداكه بده‌نه ده‌ست نوێنه‌رانیان له حكوومه‌ت، دوای ئه‌وه ئەگەر به‌رپرسێكی حزبی له‌هه‌ر ئاستێكدا بێت ره‌نگه پێشنیازی باشی هه‌بێت، با بیداته حكومه‌ت. بێگومان حكومه‌تیش ته‌نیا هی حزبه‌كان نییه، راسته حزبه براوه‌كان حكوومه‌تیان پێكهێناوه، به‌ڵام خه‌ڵكێك هه‌یه به‌شداری هه‌ڵبژاردنیشی نه‌كردووه،بۆیە حكوومه‌ت به‌رامبه‌ر به ژیان و گوزه‌رانی ئه‌وانەش به‌رپرسه کە لایه‌نگر و ده‌نگده‌ری هیچ لایه‌نێك نین.
پهیوهندییەکانی هه‌ولێر و به‌غدا
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، فرهڕهههندە، دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و شاندێکی وەزاری سه‌ردانی به‌غدامان كرد، بۆ پیشاندانی نیازپاكی، چه‌ند پێشنیازێكیشمان پێشكه‌ش كرد.
دوو شت بوونه‌ته گرفت، یه‌كیان ناوچه كوردستانییه‌كان و ئاسایشی ناوچه‌كه یە، له‌گه‌ڵ پرسی نه‌وت و گاز و بودجه، له رابردوودا هێندێک بابەت كاریان له‌سه‌ر كراوه و ده‌ستكه‌وتی باشیش هه‌بووه، بۆ نموونه لایه‌نی ئه‌منی، كه به‌یه‌كه‌وه له دژی داعش هەماهەنگیمان کردووە و ده‌ستكه‌وتی باشیش هه‌بووه و ده‌ریشكه‌وتووه كه به‌غدا سه‌قامگیر بێت هه‌رێمی كوردستانیش سه‌قامگیرتر ده‌بێت و به پێچه‌وانه‌شەوه.
گرووپی تیرۆریستی داعش توانیویه‌تی سوود له بۆشایی ئه‌منی وه‌ربگرێت، له سنووری سووریاوه تاكو دیاله، له هه‌موو شوێنێك سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گرووپی جیاجیای سه‌ر به داعش هه‌ستی پێده‌كرێت و بوونه‌ته مه‌ترسیش له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی به‌غدا و هه‌رێمیش، هه‌رچه‌نده هه‌ولێر توانیویه‌تی تا راده‌یه‌كی زۆر سه‌قامگیری خۆی بپارێزێت، لێرەدا سوپاسی هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ش ده‌كه‌ین كه توانیویانه ئه‌ركه‌كه‌یان بە باشی جێبه‌جێ بكه‌ن.
لە بواری ئەمنی ئیمه پێشنیازمان كردووه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و پرۆسەیەی پێشووتر كه له ساڵی 2014 هەبوو بۆ دروستكردنی سه‌نته‌رێكی هەماهەنگی هاوبه‌شە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەکان. ده‌توانرێت به گوێره‌ی مادده‌ی 140 چاره‌سه‌ری پێویست بۆ ناوچه دابنڕێنراوەکان دابنرێت، به‌داخه‌وه هه‌ندێك پرس هاتوونه‌ته پێش كه ئاسته‌نگی درووست كردووه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كاتێكی زیاتری بۆ دابنرێت.بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئەو بابەتە فەرامۆش بکرێت و هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی نەهاوێژین.
مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گاز و بودجه
دوای 2014، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ناچاربوو ده‌ست به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بکات . ئه‌وه‌ش هۆكاری خۆی هه‌بوو کە حکومەتی فیدراڵی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و ، به شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك كار بۆ ئه‌وه كرا هه‌رێم له ناوه‌ندی بڕیار لە بەغدا دووربخرێته‌وه وهەوڵدان بۆ نەهێشتنی شەراکەتی راستەقینە لە بەغدا، هێرشی ترۆریستانی داعش کە سه‌نگه‌رمان به درێژایی 1100 كیلۆمه‌تر هه‌بوو، هاتنی نزیك له 2 ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ر، كه 30%ی دانیشتووانی هه‌رێمیان زیادكرد، دابەزینی نرخی نه‌وت، ئه‌وانه هه‌موو هۆكاربوون بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنی نه‌وت بکەین بۆ په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات.
ده‌بوایه له‌و كاته سه‌خته‌دا رێگەیەک هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مووچه دابین بكەین بۆ خەڵک و خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش بكەین، دواتر ئەوە بوو هه‌ڵبژاردن كرا و حکومەتێکی نوێ لە عیراق پێکهات کە ئێستا رووبه‌ڕووی واقیعێكی نوێ بووینه‌ته‌وه.
من دەمەوێ لێرەدا بابەتێکی زۆر گرنگ روون بکەمەوە ، عێراق رۆژانه 4.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بەڵام 3 ملیۆن ده‌فرۆشێت، واتا یه‌ك ملیۆن و نیو نه‌وتی خستووه‌ته لاوه بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی، كه ده‌كاته 22%، كه‌واته بودجەی پێشبینیكراوی حكوومه‌تی عێراق کە دواتر دابەشکاری لە سەر دەکرێت لە 78%ی داهاتی نه‌وتی عێراق، نه‌ك 100%، کەچی هه‌رێمی كوردستان هیچ به‌شێكی بۆ ته‌رخان نه‌كراوه لە نەوت بۆ بهكابردنی ناوخۆیی، چونکە ئەگەر بە پێی رێژەی 17% بێت ده‌بووایه سەد و حەفتا هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بدرێته هه‌رێمی كوردستان، بۆ نموونه نه‌وتی سپی كه وه‌رزی زستان دێت، یان دابینكردنی سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، به‌ڵام هیچ شتێك بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم دانه‌نراوه.
لەو 78% بودجەی عیراق به‌شێكی زۆری کە دەکاتە 45% ە بۆ خەرجی سیادی داناوە، كه دەبوو به‌شی هه‌رێمیشی تێدابێت چونکە لێی دەبڕێت. به‌ڵام لە تەرخانکردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان لە نەفەقاتی سیادی نایەت بەڵکو تەنیا لە 55% دێت، پێشتر رێككه‌وتبوون كه به‌شە بودجەی هه‌رێمی کوردستان 17% بوو به‌ڵام بە بڕیارێک کەمکرایەوە بۆ 12.6% .
كه‌واته بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له عێراق کە 12.6%ە له 55% و ئه‌ویش له بنه‌ڕه‌تدا 78%ـه، كه له كۆتاییدا ئه‌و 12.6%یه واتا ئەو بودجەیەی بە هەرێمی کوردستان دەدرێت ده‌كاته 5%ی كۆی بودجه‌ی عێراق!
ئینجا دەشگوترێت کە هه‌رێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغدا ناکات . ئەم قسەیەش راست نییە. چونکە ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی هەرێمی کوردستان هه‌نارده‌ی ده‌كات، نیوه‌ی ده‌بێته‌وه ده‌ستحه‌قی كۆمپانیاكانی نه‌وت، كه له عێراق له‌سه‌ر خەرجی سیادی دەدرێت و لە پشكی هه‌رێمی كوردستان کەم دەکرێتەوە، به‌ڵام له هه‌رێم ئێمە دەبێ له بودجەی خۆمان هەقی ئەو کۆمپانیایانەی نه‌وت بدەین . کە واتە ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دێت بە شێکی کەمە کە لە سنووری سێسەد تا سێسەد و بیست ملیۆن دۆلارە.
ئێمە ئامادەین ئەو 250 هه‌زار به‌رمیلە رادەست بکەین و خۆیان بیفرۆشن دوای ئەوەی بڕێکی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بخەینە لایەکەوە، به‌ڵام با بەغداش میزانیه‌ی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه و ئه‌و كاته هیچ كێشه‌یه‌كمان نابێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، به‌ڵام دەبێت هەرێمی کوردستان بزانێت چۆن دهیفرۆشێت و له چ رێگه‌یه‌كه‌وه ده‌بێت، هەروەک چۆن به‌غدا ده‌یه‌وێت بزانێت ئێمە چۆن دەیفرۆشین، ئێمه‌ش به مافی خۆمانی ده‌زانین كه نه‌وتی عێراق له هه‌ر به‌شێك بێت چۆن ده‌فرۆشرێت و چۆنیش هه‌نارده ده‌كرێت.
به‌رپرسیارێتی ئێمه پاراستنی مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت میزانیه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم به‌غدا دابینی بكات،ناشکرێت هه‌رچی هه‌یه بیبه‌ن و هیچیش نه‌گه‌ڕێننه‌وه، دیارە پێویستە ئەوە بڵیم کە لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌یه له‌گه‌ڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی و ستافه‌كه‌ی.
لە قهرزە دەرەکییەکانی عێراق بەشی هەرێمی کوردستان نەدراوە
حكوومه‌تی عێراق 62 ملیار دۆلار قه‌رزی بیانی له‌سه‌رە، كه ده‌بووایه به‌شێك له‌و پاره‌یه كه 9 ملیار دۆلارە بدرێته هه‌رێمی كوردستان كه بەداخەوە نه‌دراوه، کەچی له دانه‌وه‌ی قهرزهكاندا ، هه‌رێمی كوردستان به‌شدار ده‌بێت و لە بەشی هەرێمی کوردستان قەرزەکانی عێراق دەدەنەوە لە کاتێکدا هەرێم بە هیچ شێوه‌یه‌ك لەو قەرزانە سوودمه‌ند نەبووه. هەروەها هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیش کە بەناو هەرێمدا دەڕوات و ئێمە خەرجییەکی دەکێشین و حکومەتی عێراق ئامادە نییە خەرجی گواستنەوەکەی بدات.
دۆخی ئێستای عێراق زۆر نیگەرانی کردووین
ده‌بووایه هه‌موو ناوچه‌یه‌ك كه به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته، لە هەر بەرمیلێک دۆلارێكی بەربکەوێت، به‌ڵام لەو پارەیە هیچ حیسابێک بۆ هەرێمی کوردستان نه‌كراوه.
بۆ ئه‌و پرسانه‌ش لێكتێگه‌یشتن و په‌یوه‌ندی باش و گفتوگۆش هه‌بووه بۆ چاره‌سه‌ركردنییان، به‌ڵام ئه‌و ره‌وشه‌ی ئێستا زۆر نیگه‌رانی كردووین و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ش ده‌بێت، له‌لایه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ داوای ره‌وای ئه‌و خه‌ڵكه‌ین كە بەشێوەیەکی ئاشتیانە داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت كه ئه‌و كێشانه‌ی له عێراق هه‌ن، به‌هۆی سەرۆک وەزیران عادل عه‌بدولمه‌هدی نییه، به‌ڵكو کەڵەکەبووی حكوومه‌ته‌كانی پێشوون، بۆیە رەوا نییه هه‌موو بخرێته ئه‌ستۆی بەڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی.