Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەفتەی داهاتوو رێنمایی گرنگ بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن به‌ فەرمانبەران دەردەكرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو بە هەماهەنگیی وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی و خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی وەزیران، رێنمایی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی خوێندن بە فەرمانبەرانی میری دەردەكرێت.

دكتۆر عەبدولڕەزاق محەمەد، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەند كۆبوونەوەیەك بۆ دەركردنی رێنماییەكانی خوێندنی باڵا بۆ فەرمانبەرانی حكوومەت لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان دەركراون و هەفتەی داهاتووش رێنماییەكان پەسەند دەكرێن و بڵاو دەكرێنەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش دا: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی كەرتی خوێندنە، بۆیە رێنماییەكان بە شێوەیەك دەبن كە لە خزمەت چینی فەرمانبەران بن و ئەوەی تا ئێستاش هەموو لایەك لەسەری كۆكین، ئەوەیە كە دەبێت مۆڵەتی خوێندن بە تەواوی شایستەكانی مووچە و دەرماڵەوە بدرێت بە فەرمانبەر بۆ ئەوەی خوێندنەكەی تەواو بكات".

 

هێدی كاكەیی