Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەو هاووڵاتیانەی زەوییان دەكەوێتە بەر شەقامی 150 مەتری، قەرەبوو دەكرێنەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، شارەوانی بە مەرج و بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە دەكاتەوە، كە داوای قەرەبوویان كردووە لە حكوومەت لەبری ئەو زەویانەی كە دەكەونە بەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر.

ئەندازیار سامان محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەی 150 مەتری، لە رێگای قایمقامییەتەوە ڕامانگەیاندبوو، ئەو هاووڵاتیانەی كە زەوییان بەر شەقامەكە كەوتووە، با سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانی بكەن بۆ ئەوەی حكوومەت لە دۆسیەكەیان بكۆڵێتەوە كە ئەگەر كەیسەكەیان یاسایی بوو، ئەوا قەرەبوو دەكرێنەوە".

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە وەك شارەوانی دەبێت بزانین ئەو كەسەی داوای قەرەبوو دەكات كێیە، یان جۆری زەوییەكەی چییە، كە ئایا زەویی كشتوكاڵییە یاخود موڵكە و یانیش گرێبەستی كشتوكاڵییە، چۆنكە ئەو كەسانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدا نەبێت، یاخود پێشتر زەوییەكە موڵكی حكومەت بووبێت و بە شێوەیەكی كاتی بە كاری هێنابێت، ئەوە قەرەبوو نایانگرێتەوە، بۆیە ئێمە بە گوێرەی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت قەربوویان دەكەینەوە ".

 

هێدی كاكەیی