Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دۆسكی: گۆڕانكاری لە حكوومەتدا دەكرێت و ناوی ھەزار بەرپرسی گەندەڵ بڵاو دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێكی كورد لە بەغدا ئاشكرای كرد، لە ئایندەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری لە ھەیكەلی حكوومەتی عێراقدا دەكرێت و دەشڵێ، ھیچ وەزیرێكی كورد ناگۆڕدرێت و ناوی ھەزار بەرپرسی گەندەڵیش بڵاو دەكرێتەوە.

بەیار دۆسكی، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق ھەندێ گۆڕانكاری لە كابینەی حكوومەتەكەیدا بكات و پێشتریش پلانی بۆ دانراوە، گۆڕانكارییەكانیش لە ئاستی وەزیرەكانەوە دەست پێدەكات و ھەر بەرپرسێك لە ئاست بەڕێوەبردنی كارەكانیدا نەبووبێت، دوور دەخرێتەوە".

پەرلەمانتارەكەی پارتی روونی كردەوە: "بەپێی زانیارییەكان، بەشێك لە وەزیرەكان دەگۆڕدرێن و گۆڕانكارییەكەش زۆربەی جومگەكانی حكوومەت دەگرێتەوە، بەڵام ھیچ كام لە وەزیر و بەرپرسە كوردەكانی نێو كابینەی عادل عەبدولمەھدی بەر گۆڕانكارییەكە ناكەون".

دۆسكی جەختی كردەوە، سەدان ناوی ئەو بەرپرسانە ئامادە كراون، كە دەستیان لە گەندەڵیدا ھەیە و دەشڵێت: "پێشتر لیستێكی ھەزار كەسی ئامادە كرابوو تا رادەستی دادگا بكرێن، بەڵام بڵاوكردنەوەی ناوەكان راگیراوە، لەبەر ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە پێویستە پشتڕاست بكرێتەوە، تا یەكلا دەكرێنەوە و دواتر ناكرێت ناوی كەسێك بڵاو بكرێتەوە كە تۆمەتبار نەبێت.

گوتیشی: "دوای دڵنیابوونەوە لە ناوی بەرپرسانی گەندەڵ، ناوی ھەزار كەس كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی، بڵاو دەكرێتەوە و فەرمانی دادگایان بۆ دەردەچێت".

 

قائید میرۆ