Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕیفراندۆمی شیعەكان

زکری موسا

لە بیست و هەشتی مانگی ئابی ڕابردوودا ژمارەیەك لە كەسایەتی و هاووڵاتیانی شاری بەسڕا سەردانی سەرۆك بارزانیان كرد. پێشتریش شاندی خەڵكی پارێزگاكانی باشووری عێراق سەردانی سەرۆك بارزانیان كردبوو. ئەوان گلەیی زۆریان لە نەبوونی خەدەمات و گوزەرانی خەراپی خەڵكی هەبوو. سەیر لەوەدا بوو بەسڕا كە دەوڵەمەندترین شاری جیهانە ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتوانی نەبوو. ئەوان زۆر بە ڕوونی باسیان دەكرد كە خەڵكی باشووری عێراق چیتر تەحەمولی نەماوە.

خۆ هاووڵاتیانی باشوور لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا پەیامیان بە دەستەڵاتدارانی عێراق دا. كەمترین ڕێژەی بەشداربوون تۆمار كرابوو و لە هەندێ شوێن لە 11% تێپەڕی نەكردووە. لەم بەشدارییە كەمە ڕا پێشبینیی ئەوە دەكرا كە ڕۆژێك بێت باشوور و بەغدا بەسەر سیستەمی سیاسی تاییفییەكەی عێراقدا بتەقنەوە.

كە ڕژێمی پێشوو ڕووخا، بڕیار وا بوو عێراقی نوێ عێراقی فیدڕاڵی دیموكراتی بێت و تێیدا هەموو لایەك مافی پارێزراو بێت و دەستووریش حاكم بێت. بەڵام بینیمان لە بری ئەوە دەرگەی تۆڵەسەندنەوە لە سووننە و بێبەشكردنی كورد و پێشێلكردنی دەستوور كرایەوە و سیستەمێكی هەتا سەر ئێسقان فاسید و تاییفی خرایە سەر پێ و عێراق بووە شوێنی دەستێوەردانی دەرەكی و تەڕاتێنی بەرژەوەندیی بیانییەكان.

ئەو ناڕەزایی و گرژییەی ئێستا لەناو شەقامی شیعەدا هەیە دە ساڵ بەر لە ئێستا لەناو شەقامی سووننەدا هەبوو كە بە هاتنی داعش شێوەكەی گۆڕا و دواجار بە ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و ڕووخانی ئیرادەی سیاسیی سووننە كۆتایی هات و حەشد بوو بە حاكمی موتڵەقی جیۆگرافیای سووننە.

هەر لە سەرەتاوە كورد كێشەی لەگەڵ عێراقی نوێدا هەبوو. دەستوور پێشێل كرا و چارەنووسی ماددەی 140 بە نادیاری مایەوە. كار گەییشتە ئەوەی دەستەڵاتدارانی بەغدا قووتی خەڵكی كوردستانیان بڕی. لووتكەی ناڕەزایەتیی كوردستان لە عێراقی نوێدا خۆی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دیتەوە. لە بری گوێگرتن لەو ناڕەزایەتییە ڕەوایە، عەبادی بە حەماقەت و كەلەرقی وەڵامی دایەوە و بۆ ڕێگەگرتن لە ڕیفراندۆم پشتی بە گەلەكۆمەكێی ئیقلیمی و ناپاكی هەندێ كورد بەست.

عێراقی نوێی فاسیدی تاییفی ڕێگەی سەركوتكاری بۆ ناڕەزایەتیی كورد و سووننە گرتەبەر. ئێستا شەقامی شیعە لە چەشنی كورد و سووننە لە عێراقە فاسیدە تاییفییەكە ناڕازییە. لە ڕاستیدا ئەوەی لە باشوور دەگوزەرێ ڕیفراندۆمی هاووڵاتیانی شیعەیە بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز لە كورد. ئەوانیش وەك كورد و سووننە تەنگیان پێ هەڵچنراوە و ناتوانن چیتر بەرگە بگرن. چیتر قسەی خۆش و نمایشەكانی موقتەدا و پەیامەكانی مەرجەعییەت و قسەی پاڵەوانانی سەركوتكردنی سووننە و كورد شەقامی شیعی هێور ناكاتەوە. دەستێوەردانی دەرەكی و كۆدەتا و زەبروزەنگیش دادی ئەوانە نادات كە پازدە ساڵە دەستیان لە خەراپەكاری و گەندەڵی و تایفەگەریدا هەبووە.

عێراقی نوێ پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە. داڕشتنەوەیەك كە وەڵامێكی واقعیانە و ڕاست و دروستی یاخیبوونی سووننەكان و ڕیفراندۆمی كوردستان و شۆڕشی شەقامی شیعە بداتەوە. ئەگەر هەر دەستكارییەك لە سیستەمی سیاسی و دەستووردا بكرێت پێویستە لە بەرژەوەندیی كورد و سووننە و شیعەدا بێت. هەر سێ پێكهاتە ئازار دراون و ناڕازین. ئەگەر هەوڵ بدرێت لەسەر حیسابی پێكهاتەیەك خەڵكی تر ڕازی بكرێت ئەوە عێراق دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەكەم و ئەم سووڕە بێكۆتاییە بەردەوام دەبێت.