Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

هەولێر-KDP.info- شاندێكی هاوبەشی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و مەكتەبی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە هەولێر و ڕێكخراوی گەشەپێدان و هاوكاریی مرۆیی سیدای سویدی، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و لە دیدارێكدا رایانگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی كوردستان دەكات و لەگەڵ گەورەبەرپرسانی هەرێمدا كۆ دەبێتەوە.

شاندی سویدی پێكهاتبوو لە بەڕێزان باڵیۆز لێنارت لینێر، جێگری تازەی باڵیۆزی سوید لە عێراق و هاوكاتیش بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی سوید لە هەرێمی كوردستان، كۆنسووڵ كریستۆفەر بۆرنێت كارگێل، بەرپرسی دەزگای سیدای سویدی بۆ گەشەپێدان و هاوكاری مرۆیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و، بۆتان ساڵح بەرپرسی كارگێڕی و یاریدەدەری تایبەتی كۆنسووڵ لە ئۆفیسی هەولێری باڵیۆزخانەی سوید لە هەرێمی كوردستان.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ژمارەیەك لە ستافی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی سویدییان كرد و، لە دیدارێكی سیاسیدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆز لێنارت لینێر، جێگری تازەی باڵیۆزی سوید لە عێراق و هاوكاتیش بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی سوید لە هەرێمی كوردستان كرد و، هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)ـی پێشان دا بۆ سەركەوتنی ئەركەكانی و پڕۆژەكانی وڵاتی شاهانەی سوید لە هەرێمی كوردستان لە پێناوی بەرەوپێشبردنی دۆستایەتیی نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و هەرێمی كوردستان و بە مەبەستی فراوانكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی، سیاسی و كەلتووری و ئابوورییەكان و گەشەپێدان و هاوكاریی مرۆیی و لە چەندین بواری جێی بایەخی نێوان هەردوو لادا. هەروا بەخێرهاتنی بەرپرسی دەزگای سیدای سویدی كرد، كە شانبەشانی ڕێكخراوی قەندیل لە ساڵانی (٩٠)ی سەدەی رابردووە، لە سەروبەندی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان و لە سەردەمی كۆڕەوی ملیۆنیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و ڕەتكردنەوەی دەستەڵاتی دیكتاتۆری سەددام و ڕژێمەكەی بەرەو سنوورەكانی وڵاتانی ناوچەكە كۆچیان كرد و دەزگاكەیان  لە سەختترین بارۆدۆخدا بەردەوامییان بە چالاكیی مرۆیی و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە چەندین بواری خێرخوازی و تەندروستی و پەروەردەیی و هاوكاریكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانیان داوە و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان هەردەم بە چاوی رێزەوە لە پشتیوانی و هاوكارییەكانی وڵاتی شاهانەی سوید و دامەزراوە خێرخوازییەكانیان دەڕوانن، كە تەنانەت لە سەردەمی شەڕی بەدناوی ناوخۆیدا لە كوردستان مانەوە و هاوكاری و یارمەتییەكانی دەزگاكانیان گەیاندۆتە دوورترین شوێن لە كوردستان كە جێی رێز و پێزانینە.

لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و كەلتوورییەكانی نێوان سوید و هەرێمی كوردستان گەشەسەندنی خێرایان بەخۆیەوە بینیوە و لەسەر ئاستی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم  پەیوەندییەكانی سوید لەگەڵ دامەزراوەكانی سیاسی و دیموكراسی لە كوردستان گەشەی سەندووە و هاوكاری و پەیوەندییەكی بەهێزتر لە نێوان هەردوو لادا بنیات نراوە و وڵاتی شاهانەی سویدیش لە سەردەمە سەختەكاندا پشتیوانیی دۆزی ڕەوای  گەلی كوردی كردووە و سەركۆنەی هێرش و پەلامارەكانی وڵاتانی ناوچەكەی بۆ سەر كوردستان و دانیشتووانی كردووە و لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس و سەددامەوە بۆ سەر كوردستان لە وڵاتە پێشەنگەكانی جیهان بووە كە جینۆساید و پاكتاوی ڕەگەزیی دژ بە خەڵكی سڤیلی كوردستان لە پەرلەمانی سوید بە فەرمی ناسیوە و لە سەردەمی هێرش و پەلامارەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان شانبەشانی وڵاتانی ئەندام لە  هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە شەڕی تیرۆر پشتیوان و هاوكاری هەرێم بوون و مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كردووە لە شەڕی تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و لەسەر ئاستی باڵا ئاڵۆگۆڕی شاندی سیاسی لە نێوان هەردوو لادا هەبووە و كوردستانیانی نیشتەجێی سویدیش وەك ڕەوەندێكی چالاكی بێگانە توانیویانە لە بواری خۆگونجاندن و چالاكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و زانستی ڕۆڵێكی گرنگ لە نێو كۆمەڵگای پێشكەوتووی سویددا ببینن و لەسەر ئاستی پەرلەمان و حكوومەت و دامەزراوەكانی ئیداری و ئەكادیمی خاوەن دەستكەوت و ناوبانگ و پێگەیەكی گرنگ لە نێو ژینگەی سیاسیی سویددا مسۆگەر بكەن.

 لە دیدارێكدا لەگەڵ باڵیۆز لێنارت لینەر، هۆشیار سیوەیلی دیدگای پارتی و هەرێمی كوردستانی لەسەر دۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكە خستە روو ڕایگەیاند، كە هەرێمی كوردستان پاش پۆست داعش و پۆست ڕیفراندۆم قۆناغێكی سەختی بڕیوە و كوردستان بەردەوام لە گەشەسەندایە و كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم توانیویەتی  پەیوەندییەكانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی خۆی رێك بخاتەوە و سیاسەتێكی سەركەوتووانە پەیڕەو بكات بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت بۆ گەشەپێدان و چاكسازی و ڕیفۆرم لە هەموو بوارەكاندا بە ئاراستەی كوردستانێكی بەهێزتر و ئارام و سەقامگیرتر كە تێیدا دانیشتووانی هەرێمی كوردستان باشترین خزمەتگوزارییان پێشكەش بكرێت و هەرێمی كوردستانیش بووژانەوەی خێرا بەخۆیەوە ببینێت. هەر بۆیە هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی پێشكەوتووتر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە دەبینرێت و ژینگەی سیاسی و سەقامگیری هەرێمی كوردستانیش لەبارە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و كشتوكاڵ و گەشتیاری و خوازیارین كۆمپانیاكانی سویدی هاوكار و پشتیوانی هەرێمی كوردستان بن بۆ بەرەوپێشبردن و بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی پیشكەوتووتر لە ناوچەكەدا.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەشدا لەگەڵ شاندی میوان، مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پرسە دەستوورییەكان لە نێوان هەولێر و بەغدا و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی و پرسی بودجە و پێشمەرگە و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری تیرۆریستیی داعش لە ناوچەكەدا و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستانیشی بۆ شاندی سویدی خستە ڕوو.

لە تەوەرێكی تری كۆبۆنەوەكەدا، پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) نیگەرانییەكانی سەركردایەتیی پارتی دیمۆكراتی كوردستانیان لەسەر هێرش و پەلاماردانی سەربازی بۆ سەر خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان سەركۆنە كرد و، داوای پشتگیری و هاوكاریی مرۆیی نێودەوڵەتیی خێرای كرد بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و خێرا كۆتایهێنان بە پەلامارەكان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و پەنابردنە بەر ئامرازی  ئاشتیانە و دیالۆگی سیاسی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی و شەڕ و ناكۆكییەكان لە نێوان توركیا و ڕۆژئاوای كوردستاندا.

پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی شاهانەی سوید و وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەی كرد، كە لە سەرەتای هێرش و پەلامارەكانی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بە فەرمی سەركۆنەی هێرشی سەربازیی توركیای بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان كرد و داوای دەستبەجێ وەستاندنی تراژێدیای مرۆیی كرد كە لە ئەنجامی هێرشەكان بۆ سەر خەڵكی سڤیلی ڕۆژئاوای كوردستانی لێ كەوتەوە و پرسی شەڕ و پەلاماردانی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوا و تراژێدیای ئاوارەبونی خەڵكی ڕۆژئاوا، كە بە هۆی شەڕەوە تووشی مەترسی و وێرانكاری بوون، گەیاندە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا و كۆمەڵگای نیودەوڵەتی، كە بە هۆیەوە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی ناوچەیی و جیهانیشی لێكەوتەوە، پێشكەشكردنی  بڕی  (١٠٠) ملیۆن كرۆن یاخۆد (١٠) ملیۆن یۆرۆ وەك هاوكاریی مرۆیی لە لایەن وڵاتی شاهانەی سویدییەوە و لە رێگەی رێكخراوی سیدای سویدی و نەتەوەیەكگرتووەكان و خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە بە لێقەوماوانی شەڕ و ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سوید و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و لەسەر ئاستی جیهانیش بۆ پەلەكردن لە كۆتایهێنان و ڕاگرتنی شەڕ و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و  پەنا بردنە بەر دیالۆگی سیاسی و ئاشتیانە بۆ چارەسەركردنی شەڕ و قەیران لە نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا بەرز دەنرخێنین و خوازیارین سنوورێك بۆ تراژێدیای گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان و ئاوارەبوونی خەڵكی سڤیل دابندرێت، كە كاریگەریی شەڕەكە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگریتەوە و زیان بە ئاساییش و سەقامگیری و مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكە دەگەینێ و پەیوەندییەكانی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی و سەربازیی نێوان وڵاتانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

باڵیۆز لێنارت لینەر، خۆشحاڵیی خۆی بەم پێشوازییە گەرم و دۆستانەیەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) دەربڕی و هیوای خواست دەستبەكاربوونی وەك جێگری باڵیۆزی وڵاتەكەی لە بەغدا و بەرپرسی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی سوید لە هەرێمی كوردستان، ببێتە مایەی بەرەوپیشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی شاهانەی سوید لە هەموو بوارەكاندا و ڕایگەیاند، سوید بە چاوی رێزەوە لە پێشكەوتنە سیاسییەكان و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و قوربانییەكانی پێشمەرگە و گەلی كورد دەڕوانێ لە شەڕی تێكشكاندنی مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهانی، كە مەترسیی بەردەوامن بۆ سەر كۆمەڵگای جیهانی و مرۆڤایەتی . حكوومەتی شاهانەی سوید بە توندی سەركۆنەی هێرش و پەلامارە سەربازییەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە و لە ریگەی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و نەتەوەیەكگرتووەكان و ریكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و قەیرانی ڕۆژئاوای كوردستان كە زیانبەخشە بۆ ئاساییش و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا و حكوومەتەكەی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان لە رێگەی ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی سویدی و جیهانی دەگەیەنێتە لێقەوماوان و ئاوارەكانی شەڕ و لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەشدا سوید  هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، لە لایەكی تریشەوە لە سۆنگەی گرنگیدانی وڵاتی سوید بە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و بۆ  بەدواداچوونی دۆخی مرۆیی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لە نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و هەرێمی كوردستان و ئاشنابوون بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان، لە ئایندەیەكی نزیكدا خاتوو ئەن لیندێ، وەزیری دەرەوەی شاهانەی سوید سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ گەورەبەرپرسانی هەرێمی كوردستاندا كۆ دەبێتەوە.