Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوڵیزار سندی: مەسروور بارزانی فەرمانێكی بۆ زاخۆ و سۆران ده‌ركرد

زاخۆ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و وزە و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ چارەكردنی كێشەی كارەبا لە شارۆچكەی زاخۆ و سۆران، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێڵێكی كارەبای 132 كەی ڤی بۆ هەردوو شارۆچكەكە رادەكێشرێت.

گوڵیزار ڕەشید سندی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە مەبەستی چارەكردنی كێشەی كارەبا لە شارۆچكەی زاخۆ و سۆران، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی، وەزیری كارەبای بە نووسراوێك ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی چارەكردنی كێشەی كارەبا لەو دوو شارۆچكەیە بكات، بڕیاریش دراوە كە هێڵێكی كارەبای 132 كەی ڤی بۆ شارۆچكەی زاخۆ و سۆران ڕابكێشرێت."

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی پرۆژەكەش، سندی گوتی: "فەرمانەكە دەرچووە و بڕیارە بەم زووانە دەستی پێ بكرێت، كە ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت تا تەواو دەبێت، هەفتەی داهاتووش لەسەر ئەو پرسە سەردانی وەزیری كارەبا دەكەم بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لە كاتی تەواوبوون و گرتنەبەری رێكارەكان ئاگادار بین".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "بە ڕاكێشانی ئەو هێڵەی كارەبا، دەتوانین بڵێین كێشەی كارەبا لە هەردوو شارۆچكەكە تا ڕادەیەكی باش چارە دەبێت".

 

نەشوان بەرزنجی