Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وڵاتێک بە هەوای دەرەوە ده‌ژیێت

هاودەنگ فاروق 

لە مەملەکەتێکدا دەژین، هەرچی پاشماوەی کارەسات و ململانێی مەزهەبی و سیاسیی ناوچەکە هەیە بە میرات بۆمان ماوەتەوە. ناوچەیەک پڕە لە هەڵە و پەڵەت و خواروخێچی و چەقەبەردی دژوار، کە مرۆڤ بە چەکمەی ئاسنین نەبێ ناتوانێ بەسەریاندا بڕوات. وڵاتێك كە شوێنی شەڕەقۆچی زلهێزەكان و یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەوانە و لەو پێناوەشدا یەكەم قوربانیی ئەو شەڕەقۆچە كوردە و سمكۆڵانی زلهێزەكان هەر لە سەر خاك و نێوماڵی كورددایە.

کورد سەدان ساڵە باجی سوونە و شیعە و فەتوا و فەتواچییەکانی جیهانی عەرەبی دەدات، هەر ئەوان بە مێژووی خۆیان، ڕابردوو و داهاتوومان جڵەو دەکەن.

لە ناو هەموو نەتەوە پێشکەوتووەکاندا، ئێستا کۆنتڕۆڵی ڕابردوو دەکات، زیندووەکان جڵەوی مردووەکان دەکەن، تەنیا لە جیهانی عەرەبیدا، ڕابردوو کۆنتڕۆڵی ئێستا دەکات!! ئەگەر وا بڕوات بە هەزاران ساڵی دیکەش ڕزگارمان نابێت.

عێراق بۆ کورد تەنیا نەهامەتی و کارەسات بووە، هیچ ناسنامەیەکی کولتووری و ئینتیمایەکی نیشتمانیی ئەو وڵاتە وێران و نالەبارە نییە، کورد بە خۆیەوە وابەستە بکات، بۆیە هەمیشە کورد لە مێژووی عێراق و ناوچەکەدا بە دوای گۆڕانکارییەک و مەنفەزێکدا گەڕاوە کە ڕۆژێک بە ئاشتی و دوور لە توندوتیژی لەم دەوڵەتە نەگبەتییە جودا بێتەوە. عێراق ناخۆشترین چیرۆکە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی مێژووی هەر کوردێکدا.

عێراق لە دروستبوونییەوە بە هێزی ئیڕادەی دەرەكی فرچکی گرتووە و، بەو هەوایەش نەفەس دەدا کە لە دەرەوە حەواڵەی دەکرێت، ئەم مەترسییانە لە جێی خۆیاندابوون.

عێراق بە درێژایی مێژووی خۆی، گیرۆدەی چەندین كێشەی بوونییەوی بووە، نەبوونی كەلتووری دیموكراسی، یەكتر قەبووڵنەكردن، شەڕی تائیفی، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە شتێك بە ناوی ئینتیما بۆ نیشتمان لای هاووڵاتیانی عێراقی بە هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەیەوە، كورد و شیعە، سوننە دروست نەبووە و نەبووەتە بنەمای دەوڵەتێکی دادپەروەرانە بۆ هەمووان.

ئێستا هەموو لایەنەكان ڕاستیی ئەو دیمەنە سیاسی و گۆڕانكارییانەی كە لە فكر و پێشبینییەكەی سەرۆک بارزانیدا بەرجەستە ببوون، لە سەر ئەرزی واقیعدا دەیبینن،‌ ئەوانەی كە دژایەتیی ڕوانگە و ئایندەبینیی بارزانیان دەكرد، ئێستا تێدەگەن كە حوكمڕانانی ساڵانی ڕابردووی بەغدا، ئەم وڵاتەیان بە چ دۆخێكی ناهەموار و شەڕ و ئاڵۆزیدا بردووە، كە ڕاستەڕێكردنەوەی كارێكی لە مەحاڵ مەحاڵترە و كورد واتەنی، ئەو بەردەی نەزانێك دەیخاتە گۆمێكەوە، بە هەزاران ئاقڵ نایەتەوە دەرێ. ئەو بەردەی دەمێك بوو بارزانیی هەموو لایەكی لێ ئاگادار كردبۆوە كە رێگە نەدەن دەسەڵاتدارانی بەغدا و دۆستەكانیان بیخەنە ئەو گۆمەوە..! ئەوە حیكمەتێك بوو، كە بارزانی لە ئاوێنەی تەمەنێك خەبات و تێكۆشانی خۆیدا ڕوون و راشكاو بەدیی كرد و نیشانی ئێمە و دنیای دا، ئەگەرچی ئەو كاتیش بەرژەوەندپەرستەكان نكوڵییان لێ كرد، بەڵام ئەوە پەردەی گومانەكان دەڕەوێنەوە و حەقیقەتی ئەو حیكمەتەش ئاشكرا بوو.