Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی خەلیل: گەڕاندنەوەی داعشەکان مەترسیی بۆ ڕەوشی ئەمنیی عێراق ھەیە

 

دهۆك -KDP.info- لەگەل تێکچوونی ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان وڵاتان لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو داعشە عێراقیانەی لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن، بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق و بەرپرسێکی کوردیش ھۆشداری لەبارەی گەڕانەوەی داعشە عێراقیەکانەوە دەدات.

 

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھەزاران چەکدار و خێزانی داعش لەنێو زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن، لەنێو خاکی سووریا، ڕاستە ئێستا باس لە گەڕانەوەیان بۆ عێراق دەکرێت، بەڵام ئێمە بە ھەموو شێوەیەک دژی گەڕاندنەوەی داعشە عێراقیەکانین لە سووریاوە، چونکە بە گەڕانەوەیان مەترسیی زۆر گەورە دەکەوێتە سەر عێراق و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی دیکەش لەنێو عێراقدا دەبێت."

 

بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "بەر لە ھێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش ھەوڵێک ھەبوو، داعشە عێراقییەکانی نێو سووریا بگوازرێنەوە بۆ مووسڵ، بەڵام ھەم حکوومەتی خۆجێی مووسڵ و ھەم لایەنە سیاسییەکانیش دژی ئەو ھەنگاوە وەستانەوە و ڕێگر بوون لە گەڕانەوەی داعش."

 

ئاماری جیاواز لەبارەی داعشە عێراقییەکانی سووریاوە ھەیە، بەڵام بەپێی ھەندێ سەرچاوەی فەرمی نزیکەی ١٠ھەزار چەکدار دەبن و زۆربەشیان لەنێو زیندانن. لەگەڵ ئەوەشدا، نزیکەی ٧٠ھەزار ژن و منداڵی چەکدارە داعشەکان هەن و زۆربەشیان لەنێو کەمپی ھۆڵ نیشتەجێ کراون."

 

عەلی خەلیل ڕوونی کردەوە: "ڕەوشی مووسڵ لە ماوەکانی ڕابردوودا ھەندێ سەقامگیریی بە خۆیەوە بینی، ئەگەر ئەو داعشانە بگەڕێنەوە دیسان ڕەوشی ئەمنی ئاڵۆزیی تێ دەکەوێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیان ئێکجار زۆرە و ناکرێت دوای پێنج ساڵ لە شەڕ و ئاڵۆزی جارێکی دیکە بە دەستی خۆمان داعش بگەڕێنینەوە بۆ مووسڵ."

 

قائید میرۆ