Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەدار: بەپێی بەڵگەکانی لایەنی ئەمنیی عێراق، وڵاتان لە پشت خۆپیشاندانی ھاووڵاتیانەوەن

بەغدا-KDP.info- پێشبینیی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی عێراق دەكرێت و پەرلەمانتارێكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هەفتەی دابێ پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست لایەنی ئەمنیی عێراق كەوتوون، وڵاتان لە پشت خۆپیشاندانی ھاووڵاتیانەوەن.

دەستەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەكانی عێراق، ھۆشداری دەدات هەفتەی دابێ دەست بە خۆپیشاندانەكان دەكەنەوە و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "داخوازیی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراون و  دوای تەواوبوونی چلەی ئیمام حوسێن، شەپۆلێكی دیكەی خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن".

ھەدار بارزانی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمەش ئەوەمان بیستووە كە دەست بە خۆپیشاندان دەكرێتەوە لە عێراق و پێشبینییش دەكرێت شەپۆلێكی دیكەی خۆپیشاندان بەڕێوە بچن، بەڵام بەشێكی زۆری داواكاریی خۆپیشاندەران كراونەتە بڕیار و لەلایەن پەرلەمان و حكوومەتی عێراقەوە دەركراون".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كرد: "هەفتەی دابێ پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە دەشڵێت: "لایەنی باڵای ئەمنیی عێراق بەڵگەی دەست كەوتووە، كە وڵاتان لە پشت ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردووی عێراقن و پارە بە گەنجان و ھاووڵاتیان دەبەخشنەوە لە پێناو جووڵاندنی شەقام لە دژی حكوومەت، لەبەر ئەوەش دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان زیانی گەورەی بۆ عێراق و ھاووڵاتیان دەبێت، چونكە تێكچوونی رەوشی عێراق لە بەرژەوەندیی ھیچ كەس و لایەنێكدا نییە".

 

قائید میرۆ