Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگه‌یه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان

هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/10/2019 له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سكرتێر و سه‌رۆك و نوێنه‌رانى حیزبه‌ به‌شداره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، كۆبووه‌وه‌.

له‌ ڕوانگه‌ى هه‌ستكردن به‌ هه‌ستیاریى ئه‌م قۆناغه‌ى‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمى كوردستان پیایدا تێده‌په‌ڕێت و به‌مه‌به‌ستى بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ و یه‌كخستنى هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر داواى فه‌رمیى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ ڕێكخرا.

ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌ بریتى بوون له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخى ناوخۆییى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ، گرفت و ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌، كاریگه‌رییه‌كانى جموجۆڵى سه‌ربازى له‌ سووریا و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا.

ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆییى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر پێویستیى به‌رده‌وامیى ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ده‌ورى به‌پێى به‌رنامه‌یه‌كى داڕێژراو، بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ش‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیان وه‌ك باڵاترین دامه‌زراوه‌ى ده‌ستوورى و یاسایى و نیشتمانیى هه‌رێمى كوردستان و چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى سه‌رجه‌م لایه‌ن و پێكهاته‌كان، به‌ گونجاوترین شوێن دانا كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامى پێ بدات.

ئاماده‌بووان هاوده‌نگ بوون كه‌ ئه‌رك و مافه‌ نیشتمانییه‌كان هى هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌ و ده‌بێ ئه‌و ئه‌رك و مافانه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى هاونیشتیمانیبوون پیاده‌ بكرێت و هه‌مووان به‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه، له‌مه‌دا به‌شدار بن‌.

ده‌رباره‌ى بارودۆخى سه‌رتاسه‌رى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق، كۆبوونه‌وه‌ به‌ په‌سه‌ندى زانى كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان تواناكانیان یه‌ك بخه‌ن و به‌ یه‌ك گوتار له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق گفتوگۆ بكرێت بۆ زامنكردنى مافه‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ بابه‌ته‌كانى بودجه‌ و چاره‌سه‌رى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم به‌پێى ده‌ستوور و سه‌رجه‌م مافه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌ ڕێگاى گفتوگۆیه‌كى جددى و دامه‌زراوه‌یى، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ پێكهێنانى فیدراسیۆنى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و یه‌كخستنى هه‌موو تواناكان له‌ سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار و حكوومه‌تى فیدراڵى و نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، به‌ پێویست زانى. كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختى له‌ پێویستیى عێراق به‌ سه‌قامگیرى و ڕه‌چاوكردنى دۆخى هه‌ستیارى ناوچه‌كه‌ و داوا ڕه‌واكانى هاووڵاتیان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژى و پاراستنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت كرده‌وه‌.

ده‌رباره‌ى بارودۆخى سووریا و ئاڵۆزییه‌ سه‌ربازییه‌كانى ناوچه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كرد و به‌ په‌سه‌ند زانرا سیاسه‌تێكى واقیعیانه‌ بگیرێته‌ به‌ر كه‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌ل و خاكى هه‌رێمى كوردستان تیایدا پارێزراو بێت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌موو توانا سیاسى و دیپلۆماسییه‌كانیان بخه‌نه ‌گه‌ڕ بۆ هه‌رچى زووتر كۆتاییهاتن به‌ شه‌ڕ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ ڕێگاچاره‌ى ئاشتیانه‌ و گفتوگۆ كه‌ زامنى مافه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كانى سووریا بێت.

لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌:

– پارتى دیموكراتى كوردستان

– یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان

– بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان

– كۆمه‌ڵى ئیسلامیى كوردستان

– یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان

– هاوپه‌یمانیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی

– پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی

– حیزبى سۆشیالست دیموكراتی كوردستان

– حزبی شیووعیی كوردستان

– بزووتنه‌وه‌ی ئاشووری

– به‌ره‌ی توركمانی

– پارتی كرێكاران و ڕه‌نجده‌رانی كوردستان

– پارتی چاكسازیی توركمانی

– ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشوورى

– لیستی میلله‌ت

– لیستی ئه‌رمه‌ن