Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDPنرخی كارەبا بە سیستەمی نوێ بڵاو دەكاتەوە

هەولێر-KDP.inf- بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە پێوەری زیرەكی كارەبادا، كە ئێستا بۆ هاووڵاتیان دەبەسترێت، رێگری لە سەرپێچیی كارەبا دەكرێت و بڕی كارەباكەش دیاریكراو دەبێت.

ئومێد ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هاووڵاتی هیچ پارەیەك بە كومپانیا و حكوومەت نادات بۆ دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا، كە ئێستا لە هەموو هەرێمی كوردستان دەبەسترێت، بەڵكوو حكوومەتی هەرێم خۆی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان كردووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، نرخی كارەبا بە یەكە دەبێت و ئەگەر هاوبەشێك كەمتر لە 450 یەكەی بەكار هێنا لە مانگێكدا، ئەوە بۆ هەر یەكەیەك تەنها 15 دیناری لێ وەردەگێرێت، بەڵام ئەگەر بڕی خەرجیی كارەباكەی لە 450 یەكە زیاتر بوو تا 950 یەكە، ئەوە تا 450 یەكە 15 دیناری لێ وەردەگێرێت و لە 451 یەكەشەوە تا 950 یەكە، بڕی 20 دیناری لێ وەردەگێرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم ڕاشیگەیاند، لە كاتی كارپێكردنی سیستەمەكەدا، ئەمپێرەكانی پێدانی كارەبا بە ماڵان و شوێنە پیشەسازییەكان و بازرگانییەكان سنووردار دەكرێن بە گوێرەی بەرهەمی ئەو كاتی كارەبای هەرێم و سیستەمەكەش هیچ زیادەڕۆییەك لەسەر كەرتی كارەبا ناهێڵێت، چونكە لەسەر ستوونەكانە و لە ژێر كۆنتڕۆڵی هاوبەشاندا نییە.

 

هێدی كاكەیی