Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"شاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات"

هەولێر-KDP.info - بڕیارە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و گەرەنتیکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و ئەندامێکی لیژنەی داراییش ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەکرێت و کوتلەکانی پەرلەمانیش ڕۆڵی گەورەیان ھەیە، ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیاریەتی لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی ھەموو کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، لەوانەش بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان."

ئەندامەکەی لیژنەی داراییی پەرلەمان گوتی: "لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لیژنەیەکی باڵا پێک دێت بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەردانی بەغدا دەکەن و لیژنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی ھەریەکە و بەپێی تایبەتمەندیی خۆی لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق دانوستان لەسەر پرسەکان بکەن، بەتایبەتی گەرەنتیکردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان."

سەعدەدین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لێکتێگەیشتنی باش ھەیە و ھیچ خولێکی پەرلەمان وەک ئێستا پەیوەندیی نێوان ھەردوو پەرلەمان لە ئاستێکی باشدا نەبووە، ھەماھەنگییەکی باش ھەیە و سەردانەکانیش لە لایەن ھەردوولاوە بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام کاتی سەردانی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، ھەرچەندە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داھاتوودا سەردانەکە بکرێت."

قائید میرۆ