Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان دەنگیان بۆ هەڵپەساردنی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەداوە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لەبەر نادەستووریبوون رێگایان بە پەسەندكردنی هەڵپەساردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان نەدا و ڕەتیشی دە‌كاتەوە، كە وەكو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان دەنگیان پێ دابێت‌.

د. ڤیان سەبری، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بریتی بوو لە هەڵپەساردنی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەڵام بە هەوڵی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان ئەو بڕگەیە دەنگی لەسەر نەدرا و لابرا، لەبەر ئەوەی نادەستووری بوو، هەروەها سەرۆكی پەرلەمانیش گوتی كە دەبێت بدرێت بە لیژنەی یاسایی و ڕای خۆیان بدەن، چونكە دەستەواژەی هەڵپەساردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، نادەستوورییە‌."‌

سەبری ڕوونیشی كردەوە: "ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2008 تەنها بە دوو رێگا دێتە هەڵوەشاندنەوە، یەكەم، لە رێگای پارێزگارەوە داوا دەكات كە پارێزگاكانیش بە جیا دەبن نەك هەموویان بەیەكەوە، ئەویش هۆكاری خۆی هەبێت، دووەمیان، بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن خۆیان دەتوانن ئەو كارە بكەن."

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی: "هەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستوورییە و لایەنی چاودێرین بەسەر پارێزگاوە، لە هەر پارێزگایەكیش كێشەیەك لەسەر ئەنجومەن هەبێت، دەبێت خۆیان داوای هەڵوەشاندنەوەی بكەن، نەك هەڵپەساردنی كارەكانی ئەنجومەن كە لە دەستووردا نەهاتووە."

 

نەشوان بەرزنجی