Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەكێتیی زانایان: ناكرێت لەخۆوە مارەبڕین ئەنجام بدرێت.. ھەندێ كەسیش پارەیەكی زۆر وەردەگرن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان دەڵێ، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكن بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی لە ھەرێمی كوردستان و دەشڵێ، گۆڕانكاری لە یاسای باری كەسیدا دەكرێت و پڕۆسەی مارەبڕینی ھاوژینان رێك دەخرێتەوە.

دكتۆر عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەك یەكێتیی زانایان پڕۆژەیەكی نوێمان لە بەردەستە بۆ ماڕەبڕین، كە بابەتێكی كۆمەڵایەتیی گرینگە بۆ كۆمەڵگەی ئێمە و لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی پەرلەمانتاران و سەندیكای پارێزەران سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكین بۆ رێكخستنەوەی پڕۆسەی مارەبڕینی ھاوسەران، لەبەر ئەوەی بابەتێكی ھەستیار و گرینگە بۆ وڵاتی ئێمە و بەداخەوە لە كاتی ھەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی لە ساڵی ٢٠٠٨ نەتوانرا بە یەكجاری چارەسەری پرسەكە بكرێت".

سەرۆكی یەكێتیی زانایان دەڵێت: "لەسەر تاسەری ھەرێمی كوردستان ھەر ناوچەیەك بەپێی سنووری جوگرافی چەند كەسێك دیاری دەكرێن و تەنیا ئەو كەسانە مۆڵەتیان پێدەدرێت پڕۆسەی ھاوسەرگیری و مارەبڕین ئەنجام بدەن، ئێستاش بابەتەكە تێكەڵە، لە دادگا دادوەر مارە دەبڕێت و لە دەرەوە مامۆستای ئایینی و رۆشنبیری ئایینی تەنانەت ھەندێ كەس مارەبڕین ئەنجام دەدەن زانیاریی ئایینییان نییە".

 دكتۆر عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پڕۆسەكە بەرپرسیاریەتیی تێدایە و پێویستە تاقیكردنەوە بۆ ئەو كەسانە ئەنجام بدرێت، كە مۆڵەتی مارەبڕینیان پێدەدرێت و ھەموو وردەكارییەكان بخرێنە بەردەمیان تا بزانن كێ مافی ھەیە مارە بكرێت و تەمەنی چەندە، لەبەر ئەوەی  ناكرێت ھەر كەسە و لەخۆیەوە مارەبڕین ئەنجام بدات و بە یاسا رێك دەخرێت".

ناوبراو زیاتر گوتی: "ھەندێ كەس لە كاتی مارەبڕیندا پارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیان وەردەگرن و پڕۆسەكە بە دەرفەت دەزانن، بەڵام لە پڕۆژەیاسا نوێیەكەدا ھەمووی دیاری دەكرێت و نابێت كەس نرخی زیاتر وەربگرێت، بەڵكوو نرخی مارەبڕین بە یاسا دیاری دەكرێت".

 

قائید میرۆ