Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە كۆدەبێتەوە.. سەرۆكی حكوومەت چاودێریی پڕۆژەكە دەكات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی باڵای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە تاوەكو هەفتەی داهاتوو هەموو لایەنەكان ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی پێشكەشی لیژنەكە بكەن و دەشڵێ، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دووەم كۆبوونەوە لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە ئەنجام دەدرێت و سەرۆكی حكوومەتیش خۆی چاودێریی پڕۆژەیاساكە دەكات.

محەمەد سەعدەددین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی لیژنەی باڵای حكوومەت و پەرلەمان یەكەم كۆبوونەوەی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی ئەنجام دا، داوا لە هەموو لایەنەكان كراوە تاوەكو هەفتەی داهاتوو ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە پێشكەشی لیژنەی باڵا بكەن و لە ناوەراستی هەفتەی داهاتووشدا لیژنەی هاوبەشی حكوومەت و پەرلەمان دووەم كۆبوونەوە لەسەر رای لایەنەكان ئەنجام دەدات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی چاكسازی گوتیشی، سەرۆكی حكوومەت خۆی سەرپەرشتی و چاودێریی پڕۆژەكە دەكات و بڕیارە دوای ئەوەی لایەنەكان رای خۆیان پێشكەش دەكەن، حكوومەت پڕۆژەكە ئامادە بكات و بۆ پەرلەمانی رەوانە بكات، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كارەوە و پەسەند بكرێت.

دەشڵێ، بە شێوەیەكی گشتی هەموو لایەنەكان كۆكن لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە و تەنها هەندێك لایەن هەندێك وردە تێبینییان هەیە، كە ئەوەش بە گفتوگۆ چارە دەكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم