Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووری حەمەعەلی: هیچ ڕێگایەك دانه‌خراوه‌.. پێشمه‌رگه‌ و هێزەكانی عێراق ترسیان هه‌یه

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێ، ھێزەكانی عێراق لە سنووری پردێ ھاوشێوەی ھێزەكانی پێشمەرگە خۆیان بۆ وەرزی زستان ئامادە دەكەن، بێگومان لە دوای ئەم خۆپیشاندان و كێشانەی بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق، ترسیان هه‌یه‌، بەڵام ھیچ ڕێگایەكیان دانەخستووە.

نووری حەمەعەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەكات كە گوایە ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق سەرجەم ڕێگاكانیان لە پردێ داخستووە، دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵكوو ئەو ڕێگایانەی تایبەتن بە خۆیان، بۆ وەرزی زستان ئامادەیان كردوون و ڕێگاكانی خۆیان چاك كردووە، ئێمەش لەبەر وەرزی زستان ڕێگاكانی خۆمان چاك كردووەتەوە".

بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك دەشڵێ: "ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق ترسیان لەو فەوزایە هەیە كە لە بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق دروست بووە، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی كوردستان تەنھا ئامادەباشیی خۆی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی كارەساتی وەك ئەوانەی ڕابردوو ڕوونەداتەوە، چونكە داعش لەو ناوچانە جموجۆڵی زۆرە، نەوەك جووڵێكی نائاسایی بكەن و دواتر كێشەی گەورە بۆ خەڵكی كەركووك و دەوروبەری دروست بكەن."

نووری حەمەعەلی، گوتیشی: "پۆلیسی عێراق ھیچ رێگەیەكی نەگرتووە، تەنھا ترسێكیان ھەیە، چونكە ھێزە عێراقییەكان لە ناوچەی خۆیان نین و ئەو ناوچانە خاكی كوردستانن، كە ئەو ھێزە لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە لەو ناوچانە جێگیر كراون".

 

فایزە كۆیی